Mennatallah H. H. M. Said A
09 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 10 ئادار 2022
ئیستانبوڵ - AA
ئەندامی لیژنەی مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمانی ئۆکراینا، لیودمێلا دینسۆڤا رایگەیاند، لەوەتەی دەستوەردانی سەربازیی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا تاوەکو ئێستا ٤١ منداڵ کوژراون و ٧٦ی دیکە برینداربوون.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئۆکرین فۆرمی خۆجێی، لیودمێلا دینسۆڤا لە راگەیەندراوێکدا کە لە تێلیگرام بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە پۆلیسی ناوچەی دەنیبەرۆپترۆڤسیک ٣٠٠ کەسیان لە شاری خارکیڤ رزگار کردووە.
لیودمێلا دینسۆڤا روونیشیکردەوە کە لەنێو ئەو کەسانەی کە رزگارکراون دایکی سێ منداڵ هەبوو کە بەشەو کەوتبوونە ژێر بۆردمانی توبخانەکانی رووسیا و یەکێک لە منداڵەکانی بریندارببوو، لە کاتی گفتوگۆکردنییدا لەگەڵ پۆلیس، ئافرەتەکە رایگەیاند، منداڵی هاوسێیەکیان لە بەردەمیدا گیانی لەدەستداوە.
ناوبراو جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەوەی هێزەکانی داگیرکاریی رووسیا دەیکات پێشێلکردنی راستەوخۆی هەردوو رێکەوتنی لاهای و جنێڤە.
لیودمێلا دینسۆڤا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و رێکخراوەکانی نێودەوڵەتیی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ کرد تەواوی هەوڵەکانیان لە دژی رووسیا بۆ وەستاندنی هێرشە سەربازییەکەی، بخەنەگەڕ.
ئەندامەکەی لیژنەی مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمانی ئۆکراینا جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ناتۆ ئاسمانی ئۆکراینا بە تەواوەتی دابخات.
بەگوێرەی هەمان ئاژانس، سوپای رووسیا بۆردومانی قوتابخانە و یەکەکانی نیشتەجێبوونی لە شارۆچکەی دەرهاشی سەربە خارکیڤ کردووە و بەهۆیەوە لانی کەم سێ کەس کوژران و ١٥ی دیکە برینداربوون کە منداڵێکی تەمەن چوار ساڵیان لەنێودایە.