Şeyma Uzundere
02 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 03 ئادار 2023
ئەنقەرە - AA
سەرۆکوەزیرانی هیندستان، نارەندرا مۆدی لە میانی گوتارێکدا بۆ وەزیرانی دەرەوەی G20، داوای لەو وڵاتانە کردووە کە خاوەن ئابوورییەکی بەهێزن، بەسەر ئەو دابەشبوونەدا زاڵ بن کە بەهۆی جەنگی ئۆکرایناوە دروست بووە، هەروەها بگەنە سازان لە چارەسەرکردنی ئەو قەیرانانەی کە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو دووچاری هاتوون.
نارەندرا مۆدی لە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە بەشداریی لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی G20 کرد کە لە نیو دێلهی پایتەختی وڵاتەکەی بەڕێوەچوو.
سەرۆکوەزیرانی هیندستان بە ئاماژەدان بەوەی کە کۆبوونەوەکە لە کاتێکدا بەڕێوەدەچیت کە "دابەشبوونێکی جیهانیی قووڵ" بەهۆی جەنگی ئۆکرایناوە دروست بووە، جەختی لەوە کردەوە کە گرژییەکانی ئێستا نابێت رێگری لە رێککەوتنی گرووپەکە بکەن لەسەر بابەتەکانی وەک خۆراک، ئاسایشی وزە، گۆڕانی ئاووهەوا و قەیرانی قەرزەکان.
گوتیشی: "ئێمە دیدگا و هەڵوێستی خۆمان هەیە سەبارەت بەوەی کە چۆن ئەم گرژییانە چارەسەر بکرێن. نابێت بهێلێن ئەو پرسانەی کە ناتوانین پێکەوە چارەسەرییان بکەین، ببەنە رێگر لەبەردەم ئەو پرسانەی دەكرێت چارەسەریان بکەین".
سەرۆکوەزیرانی هیندستان، نارەندرا مۆدی داوای لە گرووپی G20 کرد کە سەرنجیان بخەنە سەر وڵاتانی تازەپێشکەوتوو و گوتی: "دوای ساڵانێک لە پێشکەوتن، مەترسی ئەوەمان لەسەرە کە لە ئامانجەکانمان بۆ بەردەوامیی گەشەپێدانمان دوا بکەوین. زۆرێک لە وڵاتان لەگەڵ قەیرانی قەرزدا دەجەنگن لە هەمان کاتدا هەوڵی دەستەبەرکردنی خۆراک و وزە دەدەن".
- "حوکمڕانی جیهانیی شکستی هێناوە"
سەرۆکوەزیرانی هیندستان، نارەندرا مۆدی ئاماژەی بەوەش کرد، پێکهێنانی سیستەمی جیهانیی دوای جەنگی جیهانی دووەم دوو ئامانجی سەرەکی لە پشتەوە بوو، ئەوانیش رێگریکردن لە ململانێکان و بەرەوپێشبردنی هاوکارییەکان بوو، بەڵام قەیرانەکانی دارایی و پەتا و تیرۆر و جەنگەکان لە میانی دوو ساڵی رابردوودا ئەوە نیشان دەدات کە "حوکمڕانی جیهانیی". نەیتوانیوە ئەم ئامانجانەی بپێکێت.
نارەندرا مۆدی گوتی: "دەبێت دان بەوەدا بنێین کە دابەشبوونیش بەشێک بووە لە قەیرانەکەدا".