Barış Seçkin
30 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 30 ئەیلوول 2021
رۆما-AA
سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، ماریۆ دراگی، ئاشکرای کرد، لە ١٢ی تشرینی یەکەمدا، لووتكهیهكی نائاسایی G20 کە تایبەت دەبێت بە پرسی ئەفغانستان لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە ئەنجام دەدەن.
ماریۆ دراگی لە میانی ئەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەی کە لە باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزیران ئەنجامی دا، ئاماژەی بەوە کرد ئەو لووتکەیەی G20 کە ماوەیەکە کە ئیتاڵیا وەکو سەرۆکی خولی ئێستاى گرووپهكه بە نیازە لەسەر قەیرانی ئەفغانستان ئەنجامی بدات، لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەڕێوەدەچێت، راشیگهیاند: "لە ١٢ی تشرینی یەکەمدا، لووتکەیەکی نائاسایی G20 لهبارهی ئەفغانستان بەڕێوەدەچێت".
سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا ئاشكرایشی كرد، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی G20 ، کارەکانیان لە بارەی لووتکەکەوە دەست پێ کردووە و رایگهیاند: "لێرەدا پرسەکە ئەوەیە کە ببینین ئایا یەک ئامانجی لە نێوان دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیھاندا ھەیە یان نا. پێویستییەکی مرۆیی جێگەی باسە. کارەساتێکی مرۆیی لە بڵاوبوونەوەدایە و ئەفغانستان لەلایەن بەشەکانی دیکەی جیھانەوە پاڵپشتی ناکرێت".
ماریۆ دراگی جەختی لەوەش کردەوە کە دەبێت وڵاتە دەوڵەمەندەکان بەبێ دانانی مەرج لەو پرسەدا كارێك ئەنجام بدەن.
دراگی ئەەوشی دووپات کردەوە، مژارێكی دیکە کە لە لووتکە نائاساییەکەدا تاوتوێی دەکرێت، پرسی تیرۆرە و گوتی: "بۆ رێگرتن لەوەی ئەفغانستان جارێکی دیکە ببێته لانکەی تیرۆر، دەبێت ببینین چی ھەنگاوێکی پێویست ھەیە بینێین".
ئەوەشی خستەڕوو کە لە لووتكهكهدا لهسهر ئاستی سەرۆکی وڵات و حكوومهتهكان تەنھا وڵاتانی ئەندامی G20 بەشدار نابن، بەڵکو جگە لە ئیسپانیا و ھۆڵەندا کە لەم خولەدا بانگھێشت کراون، قەتەر و رێكخراوه نێودهوڵهتییهكانی وەک نەتەوەیەکگرتووەکان، بانکی نێودەوڵەتیی، سندووقی دراوی نێودەوڵەتی (IMF)، بەشدار دهبن.
ئیتاڵیا کە سەرۆکی خولی ئێستای G20ـە، ماوەیەکە پەیوەندیی دیپلۆماتییهكانی بۆ تاوتوێ کردنی پرسی ئهفغانستان لە پلاتفۆرمێکی فراوانتر له G7دا، هاوشێوهی G20 چڕكردووتهوه، بە بەشداریی ئەو وڵاتانەی ناوچەکە کە کاریگەرییان لەسەر ئەفغانستان هەيە.