Mohammed Baqi Hussein
17 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 18 کانوونی دووەم 2016
لەئاكامی كردەیەكی خۆكوژی لە نێو ماڵی سەرۆك هۆزێكی شاری جەلال ئاباد پایتەختی ویلایەتی نەنگەرهاری رۆژهەڵاتی ئەفغانستان، 13 كەس كوژران و 14ی دیكەش بریندار بوون.
گوتەبێژی ویلایەتی نەنگەرهار عەتائوڵڵا هۆگیانای لە روونكردنەوەیەكدا بۆ ئانادۆڵو رایگەیاند، "پەلامارە خۆكوژییەكە لە ماڵی سەرۆك هۆزێك بەناوی مالیك عوسمان لەكاتی بەڕێوەچوونی میواندارییەكدا ئەنجام دراوە و كوژرانی 13 كەسی لێ كەوتۆتەوە.
هۆگیانای راشیگەیاند كە لە تەقینەوەكەدا 14 كەس بریندار بوون كە زۆربەیان سەرۆك هۆزن.
هۆگیانای گوتی: "كوڕی سەرۆك هۆز عوسمان پێشتر لەلایەن تاڵیبانەوە رفێنرابوو و دواتر ئازادكرابوو. عوسمان بەبۆنەی ئازادبوونی كوڕەكەیەوە میواندارییەكی رێكخست بەمەبەستی ئەنجامدانی خەتمی قورئانی پیرۆز. لەوكاتەدا خۆكوژەكە دەچێتە ژوورەوە و خۆی بە میواناندا دەتەقێنێتەوە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا كە برینی هەندێك لە بریندارەكان سەختە و گوتی: "تا ئێستا هیچ لایەنێك بەرپرسیارەتی خۆی لە ئەنجامدانی ئەو كردەیە رانەگەیاندووە".