Sarmand Hameed
22 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 23 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە شوێنی مانەوەی لە لەندەن پایتەختی بەریتانیا پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، دۆمێنیک راپ کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە میانی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی ئەمنی و سیاسیی لە عێراق و ناوچەکە، و بەهێزکردنی هەماهەنگی هابەش لەنێوان هەردوو وڵات لە بوارە جیاجیاکاندا بەتایبەت لە بوارەکانی ئابووری و ئەمنی کراوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی ئاماژەی بە هەوڵەکانی حکوومەتەکەی کردووە لە بواری چاکسازی و بوونی عێراق بە ژینگەیەکی گونجاو بۆ وەبەرهێنان لە رێگەی هەماهەنگی نێودەوڵەتیی لەگەڵ هاوبەشەکانیدا لە جیهان.
کازمی جەختی لە فەراهەمکردنی دەرفەتی وەبەرهێنان بۆ کۆمپانیاکانی بەریتانیا لە عێراق و سووربوونی حکوومەتەکەی بۆ رەخسانی ژینگەی گونجاو بۆ کارکردن نیشانداوە.
مستەفا کازمی بە مەبەستی ئەنجامدانی زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە، دۆینێ چوارشەممە بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە لەندەن پایتەختی بەریتانیا.
پێشتریش سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ بەریتانیا، لە لەندەن لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بۆریس جۆنسن و شازادەی جێنشینی بەریتانیا، شازادە چارلس کۆببووەوە.
رۆژی یەکشەممەی رابردوو، مستەفا كازمی بەسەرۆكایەتی شاندێكی باڵا بە مەبەستی ئەنجامدانی زنجیرەیەک دیدار لەگەڵ گەورە بەرپرسانی فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا بەغدای پایتەختی جێهێشت.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، شاندێك كە ژمارەیەك وەزیر و سەرۆك دەستەی سەربەخۆ لەخۆدەگرێت یاوەری سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی دەكەن لە سەردانەكەی بۆ فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا.