Arbil
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە میانی گەشتەکەیدا بۆ ئەورووپا، لە لەندەن پایتەختی بەریتانیا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بۆریس جۆنسن کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە میانی کۆبوونەوەکەدا، کازمی و جۆنسن تاوتوێێ پرسە گرنگە ھاوبەشەکان و دوایین پێشھاتەکانی سیاسیی و ئەمنیی لە عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتیان کردووە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ھەردوولا رێککەوتوون لەسەر ھەماھەنگی زیاتر لەنێوان بەغدا و لەندەن لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ھەروەھا لەھەردوو بواری سیاسیی و ئابووری لە کاتێکدا کە عێراق رووبەڕووی ئاڵنگاری ئابووریی بووەتەوە بەھۆی دابەزینی نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیھان بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، ھاوکات باس لە ھەماھەنگی ستراتیجی لەنێوان عێراق و بەریتانیا لە بواری جیاجیادا کراوە.
مستەفا کازمی بە مەبەستی ئەنجامدانی زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە، دۆینێ چوارشەممە بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە لەندەن پایتەختی بەریتانیا.
رۆژی یەکشەممەی رابردوو، مستەفا کازمی بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵا بە مەبەستی ئەنجامدانی زنجیرەیەک دیدار لەگەڵ گەورە بەرپرسانی فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا بەغدای پایتەختی جێھێشت.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، شاندێک کە ژمارەیەک وەزیر و سەرۆک دەستەی سەربەخۆ لەخۆدەگرێت یاوەری سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی دەکەن لە سەردانەکەی بۆ فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا.