Zana Natık Kerem
21 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 21 ئەیلوول 2022
ھەولێر ــ AA
لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی خولی ٧٧مینی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و سەرکۆماری ئێران، ئیبراھیم رەئیسی کۆبوونەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی خستووەتەڕوو و رایگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، پتەوترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ژمارەیەک پرسی ھەرێمیی کە جێگای بایەخی ھاوبەشی ھەردوولابوون، تاوتوێ کراون.
ئاماژە بە رۆڵی گرنگی عێراق کراوە بۆ بەدیھێنانی ئاسایش و سەقامگیریی لە ناوچەکەدا، ئەوەیش لە رێگای چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتان پشت بەستن بە سیاسەتی گفتوگۆ و ھێورکردنەوە، ھەروەھا نزیککردنەوەی بۆچوونەکان بەمەبەستی گەیشتن بە چارەسەری ئاشتییانە لە ناوچەکەدا.
ئاماژەی بەوەیشداوە کە ھەردوولا جەختیان کردووەتەوە لەسەر گرنگی بەردوامبوونی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و ئێران، بەتاییەتیش لە بوارەکانی ئابووریی، ئەمنیی، رۆشنبیری و وزە، ھەروەھا ھەماھەنگیی باڵا بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی ئاووھەوا و خێرا کارکردن لەسەر ئەو رێککەوتننامەیەی کە لەنێوان ھەردوو وڵاتدا واژوورکراوە سەبارەت بە چارەسەرکردنی ئاڵنگارییەکانی ئاووھەوا کە بەرەوڕووی ھەموو جیھان بووەتەوە.
سەرکۆماری ئێران پاڵپشتی خۆی بۆ پێکھێنانی حکوومەتێکی سەقامگیر لە عێراق راگەیاندووە، ھەروەھا ستایشی دەستپێخەرییەکەی مستەفا کازمی کردووە بۆ ئەنجامدانی دیالۆگی نیشتمانیی لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا بە ئامانجی چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسیی لە عێراق.
دوێنێ سێشەممە ٢٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بەمەبەستی بەشدارییکردن لە کۆبوونەوەکانی خولی ٧٧مینی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتە نیویۆرک.