Emre Gürkan Abay,Ali Cura
21 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 22 ئەیلوول 2022
مۆسکۆ – AA
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین پشتیوانی خۆی بۆ بڕیاری سەربەخۆیی ناوچەکانی دۆنباس، زاپۆریژییا و خێرسۆن لە ئۆکراینا دەربڕی و سازدانی سەربازیی بەشەکیی راگەیاند.
پوتین لە پەیامێکدا کە لە تەواوی کەناڵەکانی دەوڵەتی رووسیا بڵاو کرایەوە، لەبارەی پێشهاتەکانی ئۆکرایناوە دوا.
پوتین بە ئاماژەدان بەوەی کە پێویستە هەنگاوی جۆراوجۆر بنێن بۆ پاراستنی ئاسایش، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی رووسیا، گوتی: "ژمارەیەک لە دەستبەژێرانی خۆرئاوا ئەنجامەکەی هەرچییەک بێت هەوڵ دەدەن بەردەوامی بدەن بە گوشارەکانیان و بۆ ئەمەیش هەوڵ دەدەن بە سەپاندنی ئیرادەی خۆیان بەسەر گەلان و وڵاتانی دیکەدا، دیدگای ساختە جێگر بکەن و رێگە بگرن لە هەموو جۆرە سەروەری و هەوڵی پێشخستنی سەربەخۆیییەک".
پوتین باسی لەوە کرد کە ئامانجی رۆژئاوا دابەشکردن و لەناوبردنی رووسیایە، گوتی: "(ئەوان) بە راشکاوی دەڵێن کە لە ١٩٩١ سەرکەوتوو بوون لە دابەشکردنی یەکێتیی سۆڤیەت و ئێستاش کاتی ئەوە هاتووە ژمارەیەکی زۆر لە دوژمنەکانی رووسیا، ناوچەکە دابەش بکەن".
پوتین سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە وڵاتانی رۆژئاوا بەو هێرشانەی بۆسەر مەدەنییەکان دەستیان پێ کردووە لە ٢٠١٤ دەستیان بە جەنگی ئۆکراینا کرد، گوتی: "رژێمی کیێڤ'ی ئێستا، دوای ئەوەی بە راشکاوی رەتی کردەوە کە کێشەی دۆنباس بە رێگاچارەی ئاشتییانە چارەسەر بکرێت و خواستی خۆی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی راگەیاند، هێرشێکی بەرفراوان بۆسەر دۆنباس کردە پێویستییەکی بێ ویست. پەیوەندیدار بەمەبەوە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بوو بە پێویستی".
پوتین باسی لەوە کرد کە لە ئۆپەراسیۆنەکەی دۆنباس تەنها سەربازە پیشەگەرە گرێبەست لەگەڵ کراوەکاندا ئەرکدار کرابوون، گوتی: "پێموایە پێویستە بۆ پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەمان و پاراستنی هاووڵاتییانمان و ئەو کەسانەی لە ناوچە رزگارکراوەکاندان، پشتگیری لە داواکاری وەزیری بەرگریی رووسیا و سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای رووسیا بکەم بۆ راگەیەندنی سازدانی بەشەکیی".
- راگەیاندنی سازدانی بەشەکیی
پوتین ئاماژەی بەوە دا کە بۆ سازدانەکە تەنها بانگهێشتی ژمارەیەکی دیاریکراو لە کەسانی بە ئەزموون دەکات بۆ خزمەتی سەربازیی، گوتی: "تەنها ئەوانەی لە دۆخی سەربازیی یەدەگدان و بە تایبەت خزمەتیان کردووە لە ریزەکانی سوپا، ئەوانەی تۆماری دیاریکراوی سەربازییان هەیە و ئەو هاووڵاتییانەی ئەزموونی پەیوەندیداریان هەیە بانگهێشت دەکرێن بۆ سەربازی. ئەوانەی بانگهێشت دەکرێن بۆ خزمەتی سەربازیی لە پێناو وەرگرتنی ئەزموونی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تایبەت مەشق و راهێنانی سەربازیی زیادەیان پێ دەکرێت".
سەرۆکی رووسیا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لە میانی بڕیاری سازداندا رێنمایی جۆراوجۆری داوە بە دامەزراوەکانی پیشەسازیی بەرگریی وڵاتەکەی، گوتی: "سەرۆکایەتییەکانی دامەزراوەکانی پیشەسازیی بەرگری راستەوخۆ بەرپرسیارن لە زیادکردنی بەرهەمهێنانی چەک و پێداویستی و کەلوپەلی سەربازیی و زیادکردنی تواناکانی بەرهەمهێنان".
پوتین لەبارەی بڕیاری ئەنجامدانی گشتیی بۆ سەربەخۆیی لە ناوچەکانی دۆنباس، زاپۆریژییا و خێرسۆن لە ئۆکراینا، رایگەیاند "پشتیوانی لە بڕیاری زۆرینەی ئەو مرۆڤانە دەکەین کە لە کۆمارە میللیەکانی دۆنێتسک و لوهانسک و ناوچەکانی زاپۆریژییا و خێرسۆن لەبارەی داهاتووی خۆیانەوە دەیدەن".
- ستاتۆی سەربازیی رووسیا بە وانە دەدرێت کە لە دۆنباس دەجەنگن
پوتین بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە ئەو جەنگەوارە و خۆبەخشانەی لە دۆنباس دەجەنگن لە ستاتۆی هاوبەشدا دەبن لەگەڵ سەربازانی رووسیا، گوتی: "رێنماییم داوە بە حکوومەت و وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ستاتۆی یاسایی خۆبەخشان و جەنگاوەرانی یەکەکانی کۆمارە میللیەکانی دۆنێتسک و لوهانسک لە کەمترین ماوەدا بەتەواوی دانی پیادا بندرێت. دەبێت ستاتۆی ئەوان یەکسان بێت بە ستاتۆی سەربازانی سوپای رووسیا".