Zana Natık Kerem
09 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 10 نیسان 2019
ریاز ــ AA
باڵیۆزی عێراق لە سعوودیە، قەحتان تەھا خەڵەف رایگەیاند کە بەم زووانە سەرۆکوەزیران، عادل عەبدولمەھدی سەردانی ریاز دەکات.
قەحتان تەھا خەڵەف لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکردووە کە لە چوارچێوەی سەردانەکەی سەرۆکوەزیران، عادل عەبدولمەدی بۆ سعوودیە، ١٣ رێککەوتن لە نێوان ھەردوو وڵاتدا واژوو دەکرێت و ئاماژەی بەوەشداوە کە لە میانی سەردانی شاندەکەی سعوودیە کە بەم دواییانە بۆ بەغدا ئەنجامدرا، عێراق ١٨٦ ھەلی وەبەرھێنانی پێشکەش بە شاندەکەی سعوودیە کرد.
باڵیۆزی عێراق لە سعوودیە، قەحتان تەھا خەڵەف باسی لەوەشکردووە کە سەردانەکەی شاندەکەی سعوودیە بۆ بەغدا، سەرەتاییەکە بۆ پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
قەحتان تەھا خەڵەف روونشیکردووەتەوە کە سەرجەم رێککەوتنەکانی ئەنجوومەنی ھەماھەنگی عێراقی و سعوودی کە لە ریاز واژوو دەکرێن، گرنگن بە تایبەتیش لە بواری کەرتی وزەدا و گوتی: "کەرتی وزە گرنگییەکی زۆری پێدراوە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کەرتەکانی دیکە گرنگییان پێ نەدرێت و فەرامۆش بکرێن، سەرجەم کەرتەکان گرنگ و ھەوڵ دەدەین پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سعوودیە بەرەوپێش بەرین".
ھیچ روونکردنەوە یان زانیارییەک لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی بۆ ریاز لە لایەن سعوودیە بڵاونەکراوەتەوە.