Zana Natık Kerem
09 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 16 نیسان 2019
واشنتۆن ــ AA
لە ھەردوو کۆبوونەوەی سەرۆکی میسر، عەبدولفەتاح سیسی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ و جارید کۆشنەر گەورە راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، تاوتوێی کێشەی فەڵەستین و چۆنییەتی زیندووکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کراوە.
بەپێی راگەیاندراوێکی سەرۆکایەتی میسر، عەبدولفەتاح سیسی لەچوارچێوەی سەردانەکەی بۆ واشنتۆن سەرەتا لەگەڵ مایک پۆمپیۆ کۆبووەتەوە کە تیایدا لەبارەی چەند دۆسییە و قەیرانێکی ھەرێمیی گفتوگۆکراوە، لەنێویاندا دوایین پێشھاتەکانی کێشەی فەڵەستین و ھەروەھا چۆنییەتی زیندووکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ قەیرانەکانی لیبیا و سووریا.
لە راگەیاندراوەکەدا ھاتووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی میسر جەختیکردووەتەوە کە قەیرانەکان تەنھا لە رێگەی سیاسی و گفتوگۆوە چارەسەر دەکرێن و گوتوویەتی: "ھەڵوێستی میسر نەگۆڕاوە لەبارەی گەیشتن بە چارەسەرێکی عادیلانە و گشتگیر کە تیایدا مافەکانی گەل و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین دەستەبەر دەکات".
لە بەرامبەردا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ رایگەیاندووە کە، وڵاتەکەی دەیەوێت ھەماھەنگییە ھاوبەشەکانی لەگەڵ میسر لەبارەی پرسەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە پتەوتر بکات، ھەروەھا ستایشی ھەوڵەکانی میسری کردووە کە بۆ دامرکاندنەوەی رەوشی کەرتی غەززە خستوویەتەگەڕ.
لە راگەیاندراوەکەی سەرۆکایەتی میسر ئاماژە بەوەشدراوە کە، لە کۆبوونەوەی عەبدولفەتاح سیسی لەگەڵ جارید کۆشنەر، دوایین پێشھاتەکانی کێشەی فەڵەستین، ھەروەھا پڕۆسەی ئاشتی لە ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست خراوەتەگەڕ.
بەپێی راگەیاندراوەکە، جارید کۆشنەر رایگەیاندووە کە ئەمریکا و میسر ھەوڵەکانیان بۆ بەدیھێنانی ئاشتی لە ناوچەکە دەخەنەگەڕ و لای خۆیەوە عەبدولفەتاح سیسی جەختیکردووەتەوە کە میسر بەردەوام پشتیوانی لە ھەر ھەوڵێک دەکات کە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی عادیلانەی کێشەی فەڵەستین بخرێتەگەڕ.
دوێنێ دووشەممە سەرۆکی میسر، عەبدولفەتاح سیسی بەسەردانێک گەیشتە واشنتۆن.