جيهان

خاڵە بەکر، چیرۆکی نابینایەکی سەرکەوتوو

ـ خاڵە بەکر پیاوێکی نابینای دانیشتووی شاری سلێمانییە، بەڵام نابیناییەکەی نەک نەبووەتە رێگر لەبەردەم کارەکانی ژیانیدا بەڵکو بووەتە چاوساغی چاوساغەکان و نزیکەی ٢٠ ساڵە کاری کڕین و فرۆشتنی خانوو زەوی دەکات.

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 09.04.2019 - نوێکردنەوە : 11.04.2019
خاڵە بەکر، چیرۆکی نابینایەکی سەرکەوتوو

As Sulaymaniyah

سلێمانی ـ AA

بەشێک لەو کەسانەی خاوەن پێداویستی تایبەتن و ئەندامێکی جەستەیان بەھەر ھۆکارێک لەدەستداوە ، کەمئەندامییەکەیان نەبووەتە ھۆی ئەوەی لە ژیاندا چۆکیان پێدابدات و لە ماڵەوە بمێننەوە و ژیانێکی ناھەموار بەڕێبکەن، بەپێچەوانەوە بونەتە نموونەی سەرکەوتنی ژیان و لە ھەندێک بواردا زۆر باشتر لەو کەسانە کار دەکەن کە لەشساغ و تەندروستییەکی باشیان ھەیە و کێشەیەکی ئەوتۆیان نییە لە ژیاندا.

بەکر عەلی ئەحمەد ناسراو بە خاڵە بەکری نووسینگە یەکێک لەو چیرۆکە سەرکەوتووانەیە کە وەک کەسێکی نابینا لە بواری خانووبەرە کار دەکات و ئەزموونێکی سەرکەوتووی لە کارەکەیدا ھەیە .

خاڵە بەکری تەمەن ٥٦ ساڵان دەرچووی شەشی ئامادەییە و لە ساڵی ١٩٩٣ بە ھۆی نەخۆشییەکەوە بینایی چاوەکانی لەدەستداوە ، ئەو لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە دەستی بە کاری کڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی کردووە و ماوەی ٢٠ ساڵە بەردەوامە لەسەر کارەکەی و ئێستا ناوێکی دیاری شاری سلێمانییە لە بوارەکەی خۆیدا ، بەجۆرێک زۆربەی نووسینگەکانی تری شارەکە رۆژانە پەیوەندییان ھەیە لەگەڵی و پرس و راوێژی پێدەکەن لەو بوارەدا.

سەبارەت بە سەختی ئەنجامدانی کارێکی لەو شێوەیە بۆ کەسێکی نابینا کە رۆژانە پێویستی بە مامەڵەکردن و ھاتن و رۆشتن و بینین ھەیە و بۆ کەسانی چاوساغیش سەختی خۆی ھەیە، خاڵە بەکر کە لە کاتژمێر حەوتی بەیانییەوە دەستی بە کارکردن کردووە و ھیلاکی و ماندوێتی بە رووخسارییەوە دیارە دەڵێت "ھەموو کارێک لە دنیادا کە مرۆڤ دەیگرێتە دەست کەموکورتی و گیروگرفتی خۆی ھەیە ، گرنگ ئەوەیە خاڵە بەکر توانیویەتی ھەر گرفت و کێشەیەک کە لەو بوارەدا رووی تێکردووە بە دڵێکی فراوانەوە چارەسەری کردووە و رۆژێک لە رۆژان بیرم لەوە نەکردووەتەوە کە کێشەیەک ببێتە ھۆی ئەوەی کارەکەم بەجێبھێڵم ، بەڵکو ھەموو کات وەک نێوەندێک لە نێوان کڕیار و فرۆشیار مامەڵەم کردووە و نەمھێشتووە لایەکیان بە ھۆی منەوە زیان بکات".

ئەو ھەروەھا گوتی: "ئەو کەسانەی کە بۆ یەکەمجار دێنە نووسینگەکەم و دەزانن نابینام زۆر سەرسام دەبن و ھەست دەکەم بەو حاڵەتەیان، دوای پێشوازیکردن و پرسکردن پێیان، ئەو خانووەی ئەو داوای دەکات بۆیان دەخەمە روو دواتر لەگەڵیان دەچم بۆ سەیرکردنی ئەو خانوو یان زەوییە ، پاش گەڕانەوە زۆر بە سەرسامییەوە باس لە سەرکەوتن لە کارەکەم و نەبوونی ھیچ کێشە و گرفتێک بە ھۆی نابیناییەکەمەوە دەکەن و دەستخۆشیم ئاراستە دەکەن".

خاڵە بەکر رۆژانە لە نووسینگەکەی لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی سەرقاڵی زۆری ھەیە و بەردەوام بە سێ ژمارە مۆبایل و تەلەفونێکی نۆرماڵەوە سەرقاڵی وەڵامدانەوەی پەیوەندییەکانە یان بۆ خۆی پەیوەندی دەکات ، بابەتی ھەموو ئەو پەیوەندییانەش تایبەتە بە کڕین و فرۆشتن و بەکرێدانی خانوو یان زەوییەکەوە.

لەنێو نوسینگەکەیدا کلیلی دەیان خانوو داندراوە، ئەو تەنھا بەدەستلێدان و گەڕان بەناو کلیلەکاندا دەزانێت ھەر کلیلێک ھی چ خانوویەکە و لە چ ناوچەیەکە، بەردەوام لە چوونە سەر خانوو زەوییەکانیشدا ئەو چاوساغی کڕیار و شۆفێرەکانە و بە ئاسانی ناونیشانی خانووەکان دەدات و تەنھا یەک جار ناونیشان و شوێنی خانوو زەوییەکان لە مێشکیدا تۆمار دەکات و دواتر زۆر بەئاسانی بە بیری دێتەوە.

ئەو باس لەوەش دەکات، ئێستا لەنێو نووسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە لە سلێمانی ناوبانگێکی دیاری ھەیە و رۆژانە سێ ھێندەی نووسینگەکانی تر کڕیار و فرۆشیار سەردانی دەکەن بۆ کڕین و فرۆشتنی خانوو یان زەوی و بەکرێدانی.

دوای گۆڕانکاری لە سیستمی مووچە و ھەڵگرتنی پاشەکەوتی مووچە و ھەوڵەکانی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێم، بازاڕی خانووبەرە گەشانەوەی بەخۆوە بینیوە و خەڵکێکی زیاتر روو لە کڕینی خانووبەرە دەکەن.

خاڵە بەکر لەو بارەیەوە گوتی: "لە سنووری پارێزگای سلێمانی تا رادەیەک گۆڕانکاری دروستکردووە، بەڵام گۆڕانکارییەکی ھێندە زەق و دیار نییە ، ئەوەی ھەیە بەراورد بە پێنج مانگی رابردوو تا رادەیەک گۆڕانی بەسەر ھاتووە و خەڵکێکی زیاتر سەردانمان دەکەن و نرخەکانیش بەپێی شوێنەکان تا رادەیەک بەرز بووەتەوە".

خاڵە بەکر جگە لە ھەڵکشانی تەمەن و سەرقاڵی کاری رۆژانەی بە کڕین و فرۆشتنی خانوبەرەوە، بەڵام گرنگی زۆر بە ژیانی تایبەتی خۆی و خێزانەکەشی دەدات و ھەوڵ دەدات لە پۆشینی جلوبەرگ و سیمایدا بە جوانی دەربکەوێت، ھەروەھا رۆژانە سەردانی ھۆڵی لەشجوانی دەکات و بۆ تەندروستی و جەستەیەکی رێک وەرزش دەکات.

لە بواری پەیوەندی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان شارەزایی باشی ھەیە و بۆ خۆی رۆژانە کاری مۆبایل و بەکارھێنانی فەیسبوک و فایبەر و ئاڵوگۆڕی وێنە ئەنجام دەدات.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın