Sarmand Hameed
23 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 24 مای,س 2021
هەولێر - AA
وەزیری دەرەوەی فەڵەستین، ریاز مالیکی، نامەیەکی دەستنووسی سەرۆکی فەڵەستین، مەحمود عەباس-ی گەیاندە سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح کە تێیدا سوپاسی هەڵوێستی فەرمی دەوڵەت و گەلی عێراقی کرد لەبارەی رووداوەکانی قودس و فەڵەستین کە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا بەخۆیەوە بینی و ستایشی هەڵوێستی نەگۆڕی عێراقی کرد سەبارەت بە مافەکانی گەلی فەلەستین و دۆزە رەواکەی.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، بەرهەم ساڵح لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیی لە ریاز مالیکی کردووه.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لە دیدارەکەدا ریاز مالیکی، نامەیەکی دەستنووسی سەرۆکی فەڵەستین، مەحمود عەباس-ی گەیاندووهته سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح کە تێیدا سوپاسی هەڵوێستی فەرمی دەوڵەت و گەلی عێراقی کردووه لەبارەی رووداوەکانی قودس و فەڵەستین کە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا بەخۆیەوە بینی و ستایشی هەڵوێستی نەگۆڕی عێراقی کردووه سەبارەت بە مافەکانی گەلی فەلەستین و دۆزە رەواکەی.
هەر لەو دیدارەدا گفتوگۆکراوه دەربارەی دۆخی قودس و فەڵەستین و ئەو پێشێلکاریی و دەستدرێژییە نامرۆڤانەی رووبەڕووبووی گەلی فەڵەستین بووەتەوە لە قودس و کەرت غەززە و بەوھۆیەوە ژمارەیەک ھاووڵاتیی سڤیلی بێ تاوان گیانیان لەدەستدا و برینداربوون، ھەروەھا گفتوگۆشکرا دەربارەی پەیوەندیی دۆستانە و هەماهەنگی هاوبەشی نێوان عێراق و فەڵەستین و پێویستی کارکردن لەسەر پەرەپێدان و بەرەو پێشبردنی پەیوەندییەکان بەئاراستەی خزمەتکردنی هەردوو گەلی برا.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، بەرهەم ساڵح جەختیکردووەتەوە لەسەر هەڵوێستی عێراق سەبارەت بە دۆزی فەڵەستین و وەستانی شانبەشانی گەلی فەڵەستین بۆ ھێنانەدی داواکاری و مافە رەواکانیان، ھاوکات جەختیشیکردووهتهوه لەگرنگی هەماهەنگی و هاریکاری لە سەرجەم ئاستەکان بۆ کۆتاییهێنان بە نەهامەتییەکان و پاراستنی مافی گەلی ئەو وڵاتە و رێگریکردن لەو دەستدرێژیانەی رووبەڕووی دەبێتەوە.
لەلای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی فەڵەستین، سوپاس و ستایشی سەرکۆماری عێراقی کردووە و بەبایەخەوە باسی لە هەڵوێستی فەرمی دەوڵەت و گەلی عێراقی کردووە لەبارەی رووداوەکانی فەلەستین، هەروەها پشتیوانی عێراقی بۆ گەلی فەڵەستین و دۆزە رەواکەی بەرزنرخاندووە لە ھێنانەدی تەواوی مافە رەواکانی و راگرتنی ئەو دەستدرێژیانەی رووبەڕووی دەبێتەوە.