هونەر و كلتوور, عێراق

گەنجانی کەرکووک بۆ پاکوخاوێنی ژینگەی شارەکیان پەیکەرێک لە ئاسنەواڵە دروست دەکەن

سێ گەنج لە شاری کەرکووک، پەیکەرێکیان لە ئاسنەواڵە دروستکردوە بۆ بەشداریکردن لە کەمپینی شان بەشانی نێودەوڵەتی و لە دەروازەی رێگای ھەولێر دایناوە بۆ ئەوەی ببێتە ھێمایەک بۆ پاکڕاگرتنی ژینگەی شارەکە.

Ozhin Ramadhan Salih  | 23.05.2021 - نوێکردنەوە : 01.07.2021
گەنجانی کەرکووک بۆ پاکوخاوێنی ژینگەی شارەکیان پەیکەرێک لە ئاسنەواڵە دروست دەکەن

Kerkuk

کەرکووک – AA

سێ گەنج لە شاری کەرکووک پەیکەرێکیان لە ئاسنەواڵە دروستکردووە و لە دەروازەی رێگای ھەولێر دایناوە بۆ ئەوەی ببێتە ھێمایەک بۆ پاکڕاگرتنی ژینگەی شارەکە.

ئەو سێ گەنجەی شاری کەرکووک لە پاشماوەی تێل و ئاسنەواڵە پەیکەرێکیان دروستکردووە بۆ بەشداریکردن لە کەمپینی شان بەشانی نێودەوڵەتی کە بە بەشداری ٢٠ کەس لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق ئەنجامدراوە.

پەیوەند سوبحی خاوەنی بیرۆکەی پەیکەری پاک و خاوێنی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "من وەک نوێنەری کەرکووکی کەمپینی شان بەشانی پێکەوە کە لەلایەن رێکخراوێکی ئەنتەرناشناڵەوە رێکخراوە و لە سەرجەم شارەکانی عێراق، ٢٠ کەس پرۆژەکەی وەرگیراوە کە ٦٠٠ کاندید لەو پرۆژەیە بەشداربوون، بەڵام تەنھا ٢٠ کەس وەرگیرا و من وەک نوێنەرایەتی کەرکووک بەشداری ئەو پرۆژەیەم کردووە کە نۆ رۆژ راھێنانمان کردووە".

پەیوەند سوبحی گوتیشی: "ئامانجمان لەم پرۆژەیە، خزمەتکردنی ژینگەی کەرکووکە کە دەبێت ئاوڕی جددی لێ بدرێتەوە و ژینگەی ئەم شارە لە داڕماندایە و رۆژ بەرۆژ ژینگەی کەرکووک خراپتر دەبێت، بۆیە پرۆژەکانی ئێمە بۆ خزمەتکردنی ژینگەی شارەکەمانە و دەمانەوێت لەڕێگای پاراستنی ژینگەوە خزمەت بەشارەکەمان بگەیەنین و مانگی دووی ئەمساڵ پرۆژەکانمان بۆ خزمەتکردنی ژینکەی کەرکووک دەستپێکردو و لەقۆناغی یەکەمدا ھۆشیاری ژینگەییمان بڵاوکردووەتەوە و لەقۆناغی دووەمیشدا چەندین چالاکی ھونەریمان ئەنجامداوە کە ئەو شوێن و گەڕەکانەی ژینگەیان پیسە دیوارەکانیمان بەوێنەی رەنگاوڕەنگ و بۆیەکردن جوان دەکردەوە".

ناوبراو ئەوەشی گوت: "لە قۆناغی سێیەمی پرۆژەکەیشمان، چاندنی ٢٥٠ نەمام بوو لە دەروازەی شاری کەرکووک و لەگەڵ شارەوانی کەرکووکدا رێککەوتین و لەئێستادا رۆژانە ئەو دارانە خزمەت دەکرێن و ئەم پرۆژیەیشمان دوا قۆناغی کەمپینەکەمانە بۆ پاکڕاگرتنی ژینگەی شارەکە بۆیە پەیکەری ژینگەیممان دروستکردووە و پەیکەرەکە بەڵگەیە لەسەر پیسی ژینگەی شارەکە کە پەیکەرێکە لەشێوازی مرۆڤ کە ئاسنەواڵە و کەرەستەی کۆن دروستمانکردووە و لەنێو دەستەکانیدا گوڵ و سەوزایی دادەنێن و ئەویش مانای ھیوایەکە بۆ زیاتر خزمەتکردنی ژینگەی شاری کەرکووک" .

ھاوکات بەشداربوویەکی دیکەی پرۆژەی دروستکردنی پەیکەری ژینگەیی خوێندکاری کۆلێژی بزیشکی کەرکووک بە ناوی محەمەد قاسم وردەکاری دروستکردن و ھێماکانی پەیکەرەکە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس کرد و گوتی: "بیرۆکەی ئەم پەیکەرە لە بیرۆکەی پەیکەرێکی ئەمریکییەوە دروستکراوە کە ناوی ئێکتسیە ئی پەیکەرسازی بەناوبانگ کارێن کاسترۆیە لەکاتی جێبەجێکردنی ئەم بیرۆکەیە بۆ دروستکردنی ئەم پەیکەرە پەیوەندیمان بەو پەیکەرسازە ئەمریکییەوە کرد و ئەویش پاڵپشتی خۆی بۆمان نیشاندا و لە رووی دیزاینی پەیکەرەکەوە ھاوکاری کردین"

محەمەد قاسم گوتیشی: "پەیکەرەکە لە ئاسنەواڵە، کاڵای کۆن و بەکارھاتوو دروستکراوە کە خەڵکی پاش بەکارھێنانی فڕێیانداوە و ئێمەیش ئەو کەرەستانەمان کۆکردەوە و لە دروستکردنی ئەم پەیکەرە بەکارمان ھێناوە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın