توركيا, جيهان

سەرکۆمار ئەردۆغان: "کەس ناتوانێت دەست بەسەر ئیرادەی برا کوردەکانمدا بگرێت"

سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: "تورکیا نەک تەنیا لە ئابوورییدا، بەڵکو لە ڕووی سەربازیی و دیپلۆماسییشەوە دەگەیەنینە پێگەیەکی زۆر جیاواز".

Özcan Yıldırım  | 21.01.2026 - نوێکردنەوە : 21.01.2026
سەرکۆمار ئەردۆغان: "کەس ناتوانێت دەست بەسەر ئیرادەی برا کوردەکانمدا بگرێت"

Ankara

ئەنقەرە - AA

سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند: "تورکیا نەک تەنیا لە ئابوورییدا، بەڵکو لە ڕووی سەربازیی و دیپلۆماسییشەوە دەگەیەنینە پێگەیەکی زۆر جیاواز".

لە میانی بەشداری کردنی له‌ کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاک پارتیدا لە پەرلەمانی تورکیا، سەرکۆمار ئەردۆغان گوتارێکی پێشكه‌ش کرد.

لە گوتارەکەیدا سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە گەشەی ئابووریی کرد و، ڕایگەیاند: "ئابووریی تورکیا چەندە بەپێی ئامانجەکانمان گەشە بکات، هەمووان لەو بەها زیادەیەی دێتە ئاراوە سوودمەند دەبن".

گوتیشی: "تورکیا نەک تەنیا لە ئابوورییدا، بەڵکو لە ڕووی سەربازیی و دیپلۆماسییشەوە دەگەیەنینە پێگەیەکی زۆر جیاواز".

سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە هەوڵ و فیداکارییەکانیان بەفیڕۆ نەچووە و، ڕایگەیاند: "پشتیوان بە خودا دەچینە قۆناغێکەوە دەبینین کە ئەو فیداکارییانەی ساڵانێکە وەک گەل داومانە، بەفیڕۆ نەچوون".

گوتیشی: "دەیانجار ڕامانگەیاندووە ڕێگە نادەین هیچ قەوارەیەکی جوداخواز لە سنوورەکانی باشووری تورکیا دروست ببێت، کە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەمان دروست بکات".

سەبارەت بە پێشهاتەکانی سووریا، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "زۆر خۆشحاڵین بەو ڕێککەوتنی ئاگربەستەی دوێنێ ئەنجامدرا. هیوادارین پێش ئەوەی خوێنی زیاتر بڕژێت، ئەم پرسە بە شێوەیەکی هەمیشەیی چارەسەر بێت".

ڕاشیگەیاند: "ڕوونە کە دوای ئەم قۆناغە پەنابردنە بەر هەر جۆرە کارێکی ئیستفزازیی بە واتای خۆکوژی دێت".

سەرکۆمار ئەردۆغان ئەوەیشی خستەڕوو کە ئەوانە دەدۆزنەوە کە دەستیان بۆ ئاڵاکەیان درێژکردووە و، ڕایگەیاند: "بێگومان ئەو دەستە پیسانە دەدۆزینەوە کە بۆ ئاڵاکەمان درێژ کران، بە دڵنیاییەوە لێپرسینەوە لەو ناپاکانە دەکەین".

ڕاشیگەیاند: "وەزارەتەکانمان لێکۆڵینەوەی پێویستیان دەست پێکردووە. لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا هەر کەسێک کەمتەرخەمی یان هەڵەی هەبێت هەرچی پێویست بێت بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت".

سەرکۆمار ئەردۆغان جەختی لەسەر هەڵوێستی تورکیا کردەوە و، ڕایگەیاند: "چاومان لە خاکی هیچ وڵاتێک نییە، دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی هیچ وڵاتێک ناکەین، بەڵام ڕێگەش نادەین هیچ زیانێک بەر بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەمان بگات".

سەبارەت بەو پەیوەندیيە تەلەفۆنییەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ئەنجامی دا، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بەرهەمدارمان لەگەڵ بەڕێز ترەمپ ئەنجام دا. تاوتوێی چەندین بابەتمان کرد کە هاوکار دەبن بۆ ئاسایشی سووریا، لەوانە بەرەنگاربوونەوەی هاوبەش دژ بە داعش".

سەرکۆمار ئەردۆغان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کەس ناتوانێت دەست بەسەر ئیرادەی برا کوردەکاندا بگرێت و، ڕایگەیاند: "ڕێکخراوی تیرۆریستیی جیاوازە و برا کوردەکانی من جیاوازن. هیچ کەسێک چ لێرە و چ لەوێ، ناتوانێت دەست بەسەر ئیرادەی برا کوردەکانمدا بگرێت".

هەر سەبارەت بە پێشهاتەکانی سووریا، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "بە تێکەڵبوونی تەواوەتی لەوێش قۆناغێکی نوێ دەست پێدەکات. سەقامگیربوونی سووریا زیاتر لە هەمووان دەبێتە هۆی حەسانەوەی کوردەکانی سووریا".

ڕاشیگەیاند: "تا کۆماری تورکیا لێرە بێت و سوپاس بۆ خودا ئەم دەوڵەتە بە سەربەرزی ڕاوەستاو بێت، پێویست ناکات کەس بەدوای پشتیوانێکی دیکەدا بگەڕێت یان بەدوای دۆست و هاوبەشی دیکەدا ڕابکات".

هەروەها سەرکۆمار ئەردۆغان تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ڕێگە نادەن نادادپەروەری بەرامبەر برا کوردەکانمان بکرێت یان زیانیان پێ بگات و، ڕایگەیاند: "تا ئاک پارتی هەبێت و هاوپەیمانی جومهور بەهێز بێت، پشتیوان بە خودا هەرگیز ڕێگە نادەین نادادپەروەری بەرامبەر برا کوردەکانمان بکرێت یان زیانیان پێ بگات".

ڕاشیگەیاند: "تورک، کورد و عەرەب وەک چۆن لە مێژوودا وابوون، بە یەکگرتوویی کێشەکانی ناوچەکەمان پێکەوە چارەسەر دەکەن. تاکە چەتری هاوبەشی ئێمە برایەتیی ئیسلامە".

سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە گرنگیی پارێزگاری لە ئارامیی و سەرخۆیی کردەوە و، ڕایگەیاند:"بێ ئەوەی گرنگی بە هیچ فیتنەیەک بدەین کە لە ناوخۆ و دەرەوە هان دەدرێت، بێ ئەوەی بکەوینە تەڵەی هیچ هاندانێکەوە، هەمیشە پارێزگاری لە ئارامیی و لەسەرخۆییمان دەکەین".

ڕاشیگەیاند: "لە ناو پێشهاتە جیهانی و هەرێمییەکاندا ڕۆژانێکی هەستیار بەڕێدەکەین. بەقۆناغێکی وەک پردی سیراتدا تێدەپەڕین کە هەڵەیەکی بچووک یان بێ ئاگاییەک دەرەنجامی زۆر قورسی لێدەکەوێتەوە".

سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە لەم ڕۆژە هەستیارانەدا داوا لە هەمووان، سیاسەتمەداران و ڕۆژنامەنوسان دەکەم بەرپرسیارانە کاربکەن و، گوتی: "دەبێت هەموو وریای ئەو کەشوهەوای ڕق و کینەبن لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا دروستبووە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın