سەرکۆمار ئەردۆغان: ''لەگەڵ ترەمپ و تیمەکەی لەبارەی قەیرانی غەززە، جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا و سووریا لە ڕاوێژداین"
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: "لە سایەی ئەو دۆستایەتییە دڵسۆزانەی لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا لەگەڵ بەڕێز ترەمپ پەرەمان پێداوە، ئیرادەیەکی هاوبەش هەبووە بۆ چارەسەر کردنی هەندێک لەو کێشانەی لە کارنامەکەماندان".

Ankara
نیویۆرک - AA
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند: "بەمەبەستی پێشخستنی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا لەسەر بنەمای هاوپەیمانیی و هاوبەشی ستراتیجی بەردەوامین لە کارەکانمان. لە خولی دووەمی سەرۆک ترەمپدا، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەموو ئاستەکانی حکومەت چڕتر بووەتەوە و، دیالۆگی بنیاتنەرانە لە نێوان دامەزراوەکانمان خێراتر بووە".
لە میانی بەشداری کردنی لە ئێوارە خوانێکدا کە لەلایەن کۆمیتەی ڕێنمایی نەتەوەیی تورک-ئەمریکی لە ڕۆکفێلەر سەنتەر ڕێکخرابوو، سەرکۆمار ئەردۆغان گوتارێکی پێشکەش کرد.
سەرکۆمار ئەردۆغان لە گوتارەکەیدا خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بەوەی کۆمەڵگەی تورکی لە ئەمریکا بە گیانی هاوپشتی و یەکگرتوویی کار دەکات.
سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ، سەرکۆمار ئەردۆغان: "بەردەوام لەگەڵ خۆی (ترەمپ) و تیمەکەیدا سەبارەت بە پێشهاتەکانی ناوچەکەمان ڕاوێژ دەکەین، بەتایبەتی قەیرانی غەززە، جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا و سووریا".
ڕاشیگەیاند: "لە سایەی ئەو دۆستایەتییە دڵسۆزانەی لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا لەگەڵ بەڕێز ترەمپ پەرەمان پێداوە، ئیرادەیەکی هاوبەش هەبووە بۆ چارەسەر کردنی هەندێک لەو کێشانەی لە کارنامەکەماندان".