سەرکۆمار ئەردۆغان: "دەرفەتێکی ئاشتی هەمیشەیی لە ناوچەکەمان کراوەتەوە"
سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: "حەماس وەک دەیان جاری پێشوو، ئەمجارەش ئامادەیی خۆی بۆ ئاشتی نیشان دا. بەو شێوەیە دەرفەتێکی ئاشتی هەمیشەیی لە ناوچەکەمان کراوەتەوە".

Istanbul
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند بە وەڵامی حەماس بۆ گەڵاڵەی ئاگربەستی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ، دەرفەتێکی ئاشتی هەمیشەیی لە ناوچەکە کراوەتەوە.
سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە ئیستانبوڵ بەشداری لە کردنەوەی چەند پڕۆژەیەکدا کرد و گوتارێکیشی پێشکەش بە جەماوەرەکە کرد.
لە سەرەتای گوتارەکەیدا سەرکۆمار ئەردۆغان وێڕای جەختکردنەوە لە پاڵپشتیان بۆ گەلی فەڵەستین ڕایگەیاند، "لە هەوڵی ڕژد داین بۆ ڕاگرتنی کۆمەڵکوژی لە غەززە. هەموو هێزی خۆمان بەگەڕ خستووە هەر لە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان هەتا پەیوەندییە دیپلۆماتییەکان. هەموو ئامانجمان ئەوەیە کە برایانی غەززەییمان هەرچی زووە بگەن بە ئارامی، ئاشتی و ئاسایش".
گوتیشی: "لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە نیشاندانی وێنەی ئازاری منداڵانی غەززە، پرسەکەمان پێشانی هەموو جیهاندا. لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا بەڕێز دۆناڵد ترەمپ'یش ئەم بابەتەمان بە تێروتەسەلی باسکرد".
سەرکۆمار ئەردۆغان وێڕای ئاماژەدا بە گرنگی ڕزگارکردنی تاکە گیانێکی دانیشتووی غەززە گوتی: "حەماس وەک دەیان جاری پێشوو، ئەمجارەش ئامادەیی خۆی بۆ ئاشتی نیشان دا. بەو شێوەیە دەرفەتێکی ئاشتی هەمیشەیی لە ناوچەکەمان کراوەتەوە. بۆ ڕزگارکردنی تاکە یەک گیانی بێ تاوان و پێکەنینی منداڵێکی غەززە، وەک تورکیا ئەوەی پێویست بێت ئەنجامی دەدەین".
لەبارەی گەڕاندنەوەی چالاکڤانانی ناو کاروانی کەشتیگەلی جیهانی سومود بۆ تورکیا، سەرکۆمار ئەردۆغان گوتی: "سەرنشینانی ئومێدبەخشی کاروانی کەشتیگەلی جیهانی سومود دەگەڕێنینەوە وڵاتی خۆمان".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە گرنگترین ڕۆژەڤی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی شەو ڕابردووی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ، باسکردن بووە لە پرسی غەززە و گوتیشی: "بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی دەکەین لە وەڵامی حەماس بۆ گەڵاڵەی ئاشتی بەڕێز ترەمپ".
هەر لەم بارەیەوە سەرکۆمار ئەردۆغان گوتی: "ئەگەر هەموو لایەک بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە بچنە پێشەوە، ڕاگرتنی خوێنڕشتنەکان و گەیشتن بە ئاشتی مومکینە".
گوتیشی: "دەستبەجێ ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل زۆر گرنگە. نابێ ئومێدەکانی گەیشتن بە ئاشتی لەناو بچێت".
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا سەرکۆماری تورکیا باسی لە پرسە ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی کرد و لەبارەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانی گەندەڵی سەرۆک شارەوانییەکانی جەهەپە دوا و گوتی: "بە ملیار خەرج کراوە، بەڵام نە شوێنەواری دیارە، نە خزمەتێک و نە بەدواداچوونێک. نابێ دەسەڵاتی دادوەریمان لەوە بکۆڵێتەوە"؟
گوتیشی: "خۆیان (بەرپرسانی جەهەپە) چاوپۆشیان لێکرد. کاتێک ئاشکرا بوو، سەرۆکی جەهەپە بە ناوهێنانی وەک 'ئۆپەراسیۆنی سیاسی' بەرگریی لە سەرۆک شارەوانییە گەندەڵەکان کرد".
لە کۆتاییدا سەرکۆمار ئەردۆغان مزگێنی ئەوەشی دا کە وەک حکوومەت، خانوو بۆ کرێ دەدرێتە کرێنشینان و لەم بارەیەوە گوتی: "بۆ هاوسەنگیکردن لە بەرزبوونەوەی کرێ، پڕۆژەی بەکرێدانی یەکە نیشتەجێبووەکانی دەستکردنی دەوڵەت (TOKİ) بەگەڕدەخەین. وەک حکوومەت یەکەکان بەکرێ دەدەینە هاووڵاتیانمان".