سەردانی مستەفا کازمی بۆ سعوودیە
- سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و جێنیشنی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان چۆنێتی پتەوترکردنی ھاریکارییە ئابوورییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتیان تاوتوێ کرد.
Arbil
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لەچوارچێوەی سەردانەکەی بۆ سعوودیە لەگەڵ جێنشینی ئەو وڵاتی محەمەد بن سەلمان کۆبوویەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سعوودیە خراوەتە بەرباس، ھەروەھا گفتوگۆیش کراوە لەبارەی چۆنێتی پتەوترکردنی ھاریکارییە ئابوورییەکانی نێوان ھەردوو وڵات.
راشیگەیاندووە کە لە بەشێکی گفتوگۆکانی نێوان مستەفا کازمی و محەمەد بن سەلمان، ژمارەیەک پرسی گرنگ لەسەر ئاستی ھەرێمیی و نێودەوڵەتیی، ھەروەھا ئەو ھەوڵانەی کە بە ئامانجی بەرقەرارکردنی ئاسایش و ھێورکردنەوەی رەوشەکە لە ناوچەکە خراونەتەگەڕ، تاوتوێ کراون.
باسی لەوە شکردووە کە ھەر لە کۆبوونەوەکەدا، جەختکراوەتەوە لەسەر پاڵپشتیکردن لە تەواوکاریی ئابووریی و ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و سعوودیە بۆ پتەوترکردنی گەشەپێدانی بەردەوام لە ناوچەکە، ئەوەیش ئامانجی بەھێزکردنی ھەوڵە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەردوو وڵات بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانە ئابوورییەکان.
ئاماژەی بەوەیش داوە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا جەختیان کرددووەتە لەسەر ئەوەی کە عێراق رۆڵێکی گرنگ لە نزیککردنەوەی بۆچوونەکان لە ناوچەکە دەگێرێت، ھەروەھا ھەوڵەکانیشی بە ئامانجی ھیۆرکردنەوەی رەوشەکە و گفتوگۆی بنیاتنەرانەی نێوان لایەنەکان لە ناوچەکە خستووەتەگەڕ.
ھەروەھا نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوەیشی بڵاوکردەوە کە ئەمڕۆ یەکشەممە مستەفا کازمی لەچوارچێوەی سەردانەکەی بۆ سعوودیە، رێوڕەسمی عومرەی لە مەککە ئەنجامداوە.
ئێوارەی دوێنێ شەممە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە سعوودیە.