جيهان

"ئەشکەنجەی رژێمی ئەسەدیش وەکو ئەشکەنجە و کردارە ناپەسەندەکانی پەکەکە نەبوو"

- ئەحمەد کوورمی: "من ئەوەم دەزانی کە لەدەست ئەشکەنجەی پەکەکە بە زیندوویی دەرناچم، لەو ژوورەی کە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکردم بە ھەموو ھێزی خۆم وەڵامی ئەوانم دەدایەوە و بەڵێنی ئەوەم بە خۆم دا کە شەرافەتمەندانە بمرم".

26.06.2022 - نوێکردنەوە : 27.06.2022
"ئەشکەنجەی رژێمی ئەسەدیش وەکو ئەشکەنجە و کردارە ناپەسەندەکانی پەکەکە نەبوو"

ھەولێر ــ AA

تایبەت بە رۆژی جیھانی پاڵپشتیکردنی رزگاربووانی ئەشکەنجە و پاراستنی مافی مرۆڤ و بەھێزکردنی چاودێری نێودەوڵەتی، ئاژانسی ئانادۆڵو چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ یەکێک لە رزگاربووانی دەستی ئەشکەنجەی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکەی بڵاودەکاتەوە.

ئەندامی کۆمیتەی ھەرێمی پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا، ئەحمەد کوورمی لە دیمانەیەکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە بەسەرھاتی ئەشکەنجەدانی خۆی لە لایەن چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە/پەیەدە لە گرتووخانەکانی رێکخراوەکە لە سووریا کرد و رایگەیاند "بەراستی کاتێک بەسەرھاتی پێنجشەممەی رەشم بەبیر دێتەوە، ئێش و ئازارەکانم دووبارە نوێ دەبنەوە. بەبیرم دێتەوە لە سەرەتادا پیلانێک ھەبوو لە لایەن پەکەکە/پەیەدە لە ١٧ی مانگی حوزیرانی ٢٠١٣وە کە لە عامودا دەستی پێ کرد. ئەوان شارەکەی ئێمەیان گەمارۆ دا و سێ چالاکوانی مەدەنییان دەستگیرکرد".

ئەحمەد کوورمیی تەمەن ٦٠ ساڵ ئاماژەی بەوەدا کە لەسەرەتادا، تەواوی خۆپێشاندانەکانیان لە عاموودا لە دژی رژێم بوون، بەڵام چەکدارنی پەکەکە/پەیەدە قبوڵیان نەدەکرد، وەک ئەوەی کە ئەوانیش بەشێک بن لە رژێم ھەڵسوکەوتیان دەکرد و گوتی: "دوای دەستگیرکردنی ئەو سێ چالاکوانە ئێمە وەکوو ئەنەکەسە بڕیارماندا لە عامودا خۆپێشاندان بکەین بۆ ئازادکردنی ئەو سێ کەسە، ئێمە بەردەوام بووین تا ئەو رادەیەی کە بەشێک لە گەنجەکانمان مانیان لە خواردن گرت، تا ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠١٣، ئەنجوومەنی عەشائیری ناوچەکە نێوەندگیریان لە نێوان ئێمە و ئەواندا دەکرد بە جۆرێک مەرجی ئازادکردنی ئەو گەنجانە کۆتاییھێنان بوو بە مانگرتن و خێزانی گیراوەکان دەتوانن برۆن و دواتر گیراوەکان لە زیندان ئازاد دەکرێن ئێمەش ئەو پێشنیازەمان قبوڵکرد، بەڵام بۆ ئێوارەی ئەو رۆژە برای یەکێک لە گیراوەکان کە لە خۆپێشاندانەکاندا بۆ ئێمە درووشمی دەگوتەوە (ولات فیتۆ) پێی راگەیاندین ئازاد نەکراوە تەنیا یەک کەس ئازادکراوە کە ئەوەیش دێرسم جڕنکی بوو".

ئەندامی کۆمیتەی ھەرێمی پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا، ئەحمەد کوورمی زیاتر لەو بارەیەوە گوتی: "ئەوە وای کرد ئێمە دووبارە بەردەوام بین لە خۆپێشاندان لە دژی چەکدارانی پەکەکە لە ھەمان ئێوارەدا، دێرسم جڕنکی کە ئازاد کرابوو ھاتەوە نێو خۆپێشاندەران و باسی ئەشکەنجەدانی خۆی لە زیندان کرد و ھەموو شتێکی بۆ خەڵکی ئاشکرا کرد و رووی رەشی ئەوانی بۆ خەڵکی باس کرد. ئەو بە جۆرێک ئەشکەنجە درابوو لە نێو خۆپێشاندەراندا لە ھۆش خۆی چوو و نەیتوانی گوتارەکەی تەواو بکات".

ئەحمەد کوورمی لە درێژەی قسەکانیدا رایگەیاند "خۆپێشاندەران بەرەو مزگەوتی سەڵاحەددین رۆیشتن، لەو شوێنەی کە ئێمە دەستمان پێکردبوو تا ئەو شوێنەی کە خەڵک مانیان لە خواردن گرتبوو نزیکە ١٠ کۆڵان ھەبوون، لە کۆڵانی ھەشتم ژمارەیەکی زۆر چەکداری پەکەکە/پەیەدە بە ١٣ ئۆتۆمبێلەوە ھاتنەوە سەر رێگامان کە یەکێکیان زرێپۆش بوو، ئەوانی دیکە پیکاب بوون. لەوێ تەقەیان بە ئاسماندا دەکرد و ئێمە وەکو کەسی بەتەمەن زۆر بووین، لەوێ چەکداران بەرەو رووی ئێمە ھاتن و داوای ئەوەیان کرد کە خۆپێشاندەران رێگە بکەنەوە بۆ ئەوەی ئەوان بەرەو رێگای قامیشلۆ برۆن و وایان نیشاندەدا کە بە ھەڵە ھاتوونەتە سەر ئەو رێگایە. ئێمەش دەمانزانی لە نێو ئێمە ژمارەیەکی زۆر گەنج ھەن، بۆ ئەوەی کەس نەکوژرێت و شەڕ دروست نەبێت قبوڵمان کرد کە ئەوان برۆن، گەنجەکان درۆشمی 'شەبیحە'یان دەگوتەوە واتە پیاوی رژێم، چەکدارەکان لە کاتی تێپەڕبوون وەستان و لە بەرچاومە کە "عەیز قەڕنۆ" پیاوێکی بەتەمەن بوو دەستەکانی بەرز کردەوە داوای دەکرد تەقە نەکرێت، لەناکاو ئەو دەمە فیشەکێک بەر سینگی کەوت و بە برینداری کەوتە سەر زەوی. ئیتر چەکداران تەقەیان لە خەڵک کرد و ژمارەیەکی زۆر کەس لە نێو خۆێن خەڵتان. دیمەنێکی تراژیدی بوو، ھەر لەو دەمە ھاوڕێیەکی من لە نێو خۆپێشاندانەکە بانگی کردم و گوتی تۆش برینداری؟ منیش گوتم نەخێر، کاتێک کە سەیری خۆم کرد خۆێن جڵەکانی تەنیبووم، لەبەر ئەوەی پێی راستم بریندار بوو لەو قەرەباڵغییە ناخۆشە، ئێمەیان بردە نەخۆشخانە".

گوتیشی: "بە برینداری لە رێگای نەخۆشخانە بووین، ئەوەم بینی کە گەنجێکیان بە ناوی ئاراس بەنگۆ کە لەسەر باڵەخانەی نووسینگەی یەکێتیی کوردی سووریا بوو، تەقە لێکرا و کوژرا و تەرمەکشیان فرێدایە خوارەوە".

ئەحمەد کوورمی درێژەی بە قسەکانیدا و گوتی: "لە نزیک نەخۆشخانە بووین، پەکەکە نەیھێشت ھیچ خۆپێشاندەرێکی بریندار لە عاموودا چارەسەری وەربگرێت و نەیانھێشت ھیچ بریندارێک رەوانەی قامیشلۆ بکرێت. ئیتر وای لێھات ھەندێک بریندار رەوشی تەندروستییان زۆر خراب بوو لەو شەوە رەشە ٣٢ کەس برینیان قوڵ بوو و پێنج کەسیش گیانیان لەدەستدا".

ئەندامی کۆمیتەی ھەرێمی پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا، ئەحمەد کوورمی باسی لە چۆنێتی دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی یەپەگە/پەکەکە کرد و گوتی: "چیرۆکی ئەشکەنجەدانی من لەو شەوە رەشەدا دەستی پێ کرد کە رۆژی ھەینی ٢٧ی مانگی حوزیران ٢٠١٣ بوو، چەکدارانی پەکەکە ھەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەم و تەواوی پارە و شتۆمەکی ناوماڵم بە جۆرێک دەخیلەی پارەی کوڕە بچووکەکەیشم دزرا و منیان بە برینداری بەرەو شوێنکی نادیار برد، ئەوان ئەوندە خەڵکیان دەستگیرکردبوو کە بەرەو دوو شوێنی بردین تاکو جێگا بۆ زیندانیان دۆزرایەوە. ئێمەیان بردەوە شوێنک تەنیا لە ژوورێکی دوو مەتریدا، ٣٠ کەس بووین، کاتێک کە چاوەکانیان کردینەوە تەماشام کرد کە کوڕەکەی منیشیان دەستگیرکردووە و لەگەڵ لێدان لووتی شکاوە".

گوتیشی: "نزیکەی نیو کاتژمێر لەوێ بووین، دواتر چەکدارەکان ھاتنەوە و ناوەکانی ئێمەیان نووسی و بانگی عەفیف مەعموویان کرد و دواتر بردیان ئەشکەنجەیان دا، بە جۆرێک ئەشکەنجەی عەفیفیان دەدا کە ئێمە دەنگی ئەومان دەبیست، دواتر بانگی منیان کرد و چاو و دەستەکانم بەستراو بوون من دەنگی ئەو کەسانەم دەناسی کە ئێمەیان ئەشکەنجە دەدا ئەوانش ھەریەک لە (حەمزە، سینان،گاور بۆتان) بوون کە خەڵکی ناوچەکە بوون".

ئەحمەد کوورمی گوتیشی: "من ئەوەم دەزانی کە لەدەست ئەشکەنجەی پەکەکە بە زیندوویی دەرناچم، لەو ژوورەی کە لێپرسینەوەیان لەگەڵمدا دەکرد بە ھەموو ھێزی خۆم وەڵامی ئەوانم دەدایەوە و بەڵێنی ئەوەم بە خۆم دا کە بە شەرافەتمەندانە بمرم. ھەرچی خراپە و قسەی ناشیرین ھەبوو بە منیان دەگوت ومن وەڵامی توندی ئەوانم دەدایەوە بە ئەوانیشم دەگوت ئەگەر ئێوە پیاون دەستەکانم بکەنەوە با شەڕ بکەین".

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ھەرێمی پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا راشیگەیاند "لە شەشی بەیانی تا ١٢ی نێوەڕۆ بە برینداری ئەشکەنجەیان دەدام من کە پێی راستم بریندابوو، بۆری ئاسنیان دەخستە نێو بڕینەکەی پێم و ھەمان بۆری ئاسنیان دەھێنا دەرەوە و دووبارە پێی ئازاریان دەدام ئەوان بۆ کوشتن ئەشکەنجەیان دەدام بەڵام نەمردم، من پێشتر زیندان و ئەشکەنجەی رژێمی ئەسەدم بینبوو کە بە کێبڵ و دار ئێمەیان ئەشکەنجەدەدا بەڵام ھیچ ئەشکەنجەیەک وەکو کردارە ناپەسندەکانی چەکدارانی پەکەکە نەبوون".

ئەحمەد کوورمی ھەر لە درێژەی قسەکانیدا باسی ئەشکەنجەدانەکەی لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە کرد و گوتی: "پاش١٢ی نیوەڕۆ منیان بردە ژوورێکەوە و ھەر پێنج خولەک جارێک، چەکدارێک دەھات و بەچەکەکەی لە سەری منی دەدا و تا ئێوارە بەبێ ئاو وخواردن لەوێ مامەوە، لەو کاتەدا یەکێک لە چەکدارەکان ھاتەوە و بە منی گوت کوڕەکەی تو ئازادکرا، پێم گوت بە کوژراوی یا بە زیندووی وەڵامی نەدامەوە، بۆ ئەوەی من لە ترسدا بم".

گوتیشی: "منیان گەڕاندەوە نێو ئەو خەڵکەی کە شەو دەستگیر کرابوون، تەماشام کرد ئێمە ٣٧ کەس بووین تا کاتژمێر ٨:٣٠ی ئێوارە لەوێ مابووینەوە و دووبارە ھاتنەوە و گوتیان ئەوانەی ناویان دەخوێندرێتەوە با ھەستنەوە سەرپێ و دەگۆازرێنەوە بۆ شوێنکی دیکە ناوی ١٠ کەسیان خوێندەوە کە ناوی منیشی تیادابوو، ئێمەیان برد بەرەو قامیشلۆ ئەو کاتە ٢٧ کەسەکەی دیکە ئازادکرابوون".

ئەندامی کۆمیتەی ھەرێمی پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا، ئەحمەد کوورمی درێژەی بە گێرانەوەی بەسەرهاتەکەی دا و گوتی: "چاوەکانی ئێمەیان بەستەوە و تەنھا ئەوە دەزانین بەرەو قامیشلۆ دەڕۆین، بەڵام شوێنەکە نازانین، کە گەیشتنە شوێنەکە دەمانزانی کە بەرەو ژێرزەمین دەمانبەن، لەو ژێرزەمینەدا گەورەترین ژووری ئەشکەنجەدان ھەبوو، ھەر ھەمان سات دووبارە دەستیان بە ئەشکەنجەدانی ئێمە کردەوە، بێ وەستان ھەر جارێک، چەند چەکدارێک وەکو گرووپ دەھاتن و ئێمەیان ئەشکەنجە دەدا، تاکو ماندوو دەبوون و دەچوونەوە و دواتر گرووپێکی دیکە دەھاتن، ئەو رۆژە تا کاتژمێر سێی بەرەبەیان ئێمەیان ئەشکەنجەدا، بەبێ ئاو و نانخوارن و خەو. ئیتر وایان لە ئێمە کردبوو، باوکی ھێرش رەحمەتی خودای لێبێت کە لە نێو ئێمەدا بوو ناوی ئێمەی نابوو "شەھیدی زیندوو" بەھۆی ئەشکەنجەکانەوە ھەموو لەشم رەش بوو، پێی چەپم شکا بوو و پێ راستیشم بە فیشەک بریندار بوو لەگەڵ ئەوەیشدا، ھیچ بەزەییەکیان بە ئێمە نەدەکرد، کاتژمێر سێی بەرەبەیان دەستیان لە ئەشکەنجەدانی ئێمە ھەڵگیرت. ئێمە داوای دادگامان دەکرد کە ئەوەیش ھەر نەبوو، وەک سووکایەتیکردن پێدەکەنین و دەیان گوت کە بۆ ئێوە لێرەن و ئەشکەنجە دەدرێن".

گوتیشی: "من کە لە سەرەتای خۆپێشاندانەکان لە دژی ئەو چەکدارانە وەکو رێکخەری خۆپێشاندانەکان تەواوی بلندگۆ و ئامرازی درووشم گوتن لە نێو ئۆتۆمبێلەکەمدا بوون، چونکە ئێمە رۆژانە دەچووینە خۆپیشاندانەکان بۆیە من لە نێو خۆپێشاندەراندا ناسراو بووم، ئەوانەی دەستگیرکرابوون منیان دەناسی. گەنجێک کە منی ناسی لە زیندان بانگی کردم کە سەری خۆم لەسەر لاقەکانی دانێم و بنووم بەڵکو برینەکانم بحەسێنەوە، گوتم باشە، کە سەرم لەسەر پێیەکانی دا کەمێک خەوم لێکەوت، لە ناکاو دەنگێکی بەرز ھات و منیان ھەستاند، بەترس چوومە بەر دەرگای ژووری زیندانەکەی ژێرزەمین تەماشام کرد لەو ژێر زەمینەدا، چەند ژوورێکی دیکەش ھەن کە ئەوانیش پڕ بوون لە زیندانی، ئەوان ھاوڕێیانی ئێمە بوون کە لە عاموودا دەستگیرکرابوون، ئەوانیش وەک ئێمە بەبرسێتی و تێنوویەتی مابوونەوە، ئێمە لەگەڵ ئەوان ھاوارمان کرد دەرمان بکەن یا بمانکوژن بەسە ئیتر. ئەوەندە دەنگ بەرز بوو کە چەند چەکدارێک ھاتنەوە ژێرزەمینەکەوە، ئێمە داوامان کرد بچینە نێو حەوشەی زیندانەکە و بچینە توالێت، ئەوان قبوڵیان کرد و ھەر جارێک، پێنج کەسیان دەبردە دەرەوە، پێنج کەسەکە دەگەڕانەوە ئینجا پێنج کەسی دیکەیان دەبرد".

باسی لەوەش کرد "من لە گرووپی دووەمدا بووم کە من و دکتۆر لوقمان باوکی ئیبراھیم، ھەروەھا عەفیف و گەنجێکی دیکەشمان لەگەڵدابوو بۆ ئەوەی یارمەتی من بدات، چونکە ھەر دوو پێم بریندار و شکابوون. لەو ژێر زەمینە تاریکەدا کە ھاتینە دەرەوە ئەو برادەرانەی لەگەڵ من بوون تەماشای منیان کرد، ئەوان بۆ ئەو حاڵە خراپەی من دەگریان کە ئیتر وایان دەزانی من دەمرم".

ئەندامی کۆمیتەی ھەرێمی پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا، ئەحمەد کوورمی گوتیشی: "لە حەوشەی زیندانە رەشەکە دانیشتم و برێک ھەناسەم دا و ئاوم خواردەوە یەکێک لەو چەکدارانەی کە لە نێو خۆپێشاندان بەرەنگاری ئێمە دەبووەوە، ئێمەی ناسی و وەک بێ ئاگابێت و گوتی بۆ ئێوەی بەتەمەن دەستبەسەرکراون بە تایبەتی تۆ خۆ داوای شەڕت نەدەکرد، منیش پێمگوت، ئێمە نەبووین ئێوە و چەکدارەکانتان بوون کە شەڕتان ھەڵگیرساند و ئەو ھەموو خەڵکە کوژراو و بریندار بوون، من بەو حالە خراپە لەو حەوشەیەدا وەستابووم، ماوەی نێو کاتژمێرێک وەستام دواتر ئەو چەکدارە دووبارە ھاتەوە گوتی ئەتو ئازاد دەکەین منیش گوتم ناتوانم دەبێت ھەموو برادەرانم ئازاد بکەن. گوتیان ناتوانین تەنانەت بۆ ئازادکردنی تۆش مەرجەمان ھەیە، ئەویش ئەوەیە کە لەگەڵ تەلەڤیزیۆنێکی ئێمە بە ناوی "رووناھی" چاوپێکەوتن بکەیت و قسەی باش بکەیت، منیش گوتم ئەگەر راستەخۆ بێت بۆ ئەوەی خەڵکی ئێوە بناسێت چاوپێکەوتنەکە دەکەم گوتیان ئەتو ئازاد ناکەین، بە لای من ئاسایی بوو ئازادم نەکەن، چونکە ھیچم بۆ نەمابوو ھەستم دەکرد دەمرم".

لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: "منیان بردەوە بۆ زیندانەکە، دوای چەند کاژمێرێک ھاتنەوە و منیان بە راکێشان بردە دەرەوە و گوتیان ئەتو ئازادی. من کە پێم نەبوو ئیتر نەمدەتوانی ھەناسە بدەم و نەدەمزانی لە چ شوێنێکم و گوتم ناتوانم و نازانم برۆم. ئەو چەکدارە لەگەڵ یەکێکی دیکە منیان بە راکێشان بردە دەرەوەی زیندانەکە و لەسەر رێگای عاموودا قامیشلۆ دایاننام و لە سەر رێگاکە بەجێیان ھێشتم، نزیکەی ٤٠٠ مەتر لە شوێنی ئەشکەنجەکەی ئەوان دوور بووم لەسەر رێگاکەدا چاوەڕێی ئۆتۆمبێل بووم کە بمگەێنێتە عاموودا، لەناکاو ئۆتۆمبێلێک لێم نزیک بوو و وەستا کە تەماشای منی کرد، منی ناسی و منیش ئەوم ناسی ئەو سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد، ئیبراھیم برۆ بوو لەگەڵ چەند ئەندامێکی ئەنەکەسە لەناو ئۆتۆمبێڵکەدا بوون، ئەوانیش منیان ناسی و منیان بە برینداری بردەوە بۆ عاموودا، کە گەیشتینە عاموودا دیار بوو خەڵک ھەمووی خەمبار بوون و پرسەیان ھەبوو. چونکە پێنج کەس کوژرابوون و ئەوان منیان گەیاندە ماڵەوە، تەماشام کرد لە ماڵی ئێمەش وەکو بڵێن من مردووم پرسە و خەم ھەبوو کە منیان دیتەوە شوک بوون و دوای پشوویەکی چەند کاتژمێری یەکێک لە کەسوکارەکانم پێ گوتم شەوانە لە ماڵەوە مەخەوە، پەکەکە دەتکوژیت، من تا ماوەی چەند رۆژێک لە دەروەی ماڵی خۆم دەنووستم و پاش ماوەیەک ئیتر زانیمان لە سووریا شوێنێک بۆ ئێمە نەماوە و ژیانمان لە مەترسییدایە، لەگەڵ ژمارەیەک کەسی دیکە بە چەند کاروانێک ھاتینە ھەرێمی کوردستان".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın