Heman Hussein Yaseen
06 نیسان 2026•نوێکردنەوە: 06 نیسان 2026
هەولێر - AA
ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی شاندی باڵای عێڕاق و ھەرێمی کوردستان لە بەغدا بەڕێوەچوو تێیدا گفتوگۆ لەبارەی سیستەمی ئەسیکۆدا کرا و بەپێی زانیارییەکان گەیشتوونەتە ڕێککەوتن.
لە کۆبوونەوەکەدا شاندی عێڕاق بریتی بوون جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێڕاق، فوئاد حوسێن، وەزیری دارایی تەیف سامی، سەرۆکی بانکی ناوەندی عێڕاق عەلی عەلاق و وەزیری پیشەسازی خالید بەتاڵ، ھەروەھا لە شاندی ھەرێمیش هەر یەکە لە سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، ئومێد سەباح، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ئامانج ڕەحیم، سەرۆکی لیژنەی باڵا بۆ گفتوگۆی گومرگی سامی جەلال، سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون عەبدولحەکیم خەسرۆ بەشدار بوون.
بەپێی ڕاگەیاندراوی کۆبوونەوەکە کە میدیاکان بڵاویانکردووەتەوە، بڕیار درا سیستەمی ئەسیکۆدا لە دەروازەکانی ھەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت، بە مەرجێک داڕشتنی سیاسەتی گومرگی ئەرکی حکوومەتی فیدراڵی بێت و بەڕێوەبردنی گومرگەکانیش بە شێوەی ھاوبەش بێت لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
ئەوەشخراوەتەڕوو کە بڕیار دراوە شاندێکی ھونەریی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگ لە ھەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمی نیشتمانیی وەزارەتی دارایی عێراق کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمەکانی یەکخستنی ڕێکارەکان بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی و یاسا بەرکارەکانی ھەرێمی کوردستان، بڕیاریشە لە چەند ڕۆژێکی کەمدا ھەردوو تیم ڕاپۆرتێک بدەنە ئەنجوومەنی ئابووریی بۆ دەرکردنی بڕیاری پێویست.
ئاماژە بەوەشکراوە کە جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێڕاق، فوئاد حوسێن لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاندووە کە، عێراق بەھۆی دۆخی جەنگ لە ناوچەکەدا ڕووبەڕووی سەختی ئەمنی و ئابووری بووەتەوە، بۆیە یەکخستنی ھەوڵەکان زۆر پێویستە.
ھاوکات سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، ئامانج ڕەحیم، ئاماژەی بەوە داوە کە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پشتگیری ھەر ھەوڵێکی حکوومەتی فیدراڵی دەکات بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی ڕێکارە گومرگییەکان، ئەمەش شەفافیەت زیاتر دەکات و داھاتی گشتی بەرز دەکاتەوە.
ئەوەشخراوەتەڕوو کە، ئەنجوومەنی ئابووری بڕیاریدا، دەروازەی سنووریی ترێبیل (سنووری عێڕاق لەگەڵ ئوردن) وەک دەروازەیەکی فەرمی بۆ ھاوردەکردنی زێڕ دیاری بکات، تاوەکو قەدەغەی ئاسمانی بەھۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە لەسەر وڵات ھەڵدەگیرێت.