سەربازێکی ئیسرائیلی بە ماتۆڕسکیل هاووڵاتییەکی فەڵەستینی کرد بە ژێرەوە
Quds
قودس - AA
سەربازێکی یەدەگی سوپای ئیسرائیل، لە کەرتی ڕۆژئاوای داگیرکراو بە ماتۆڕسکیلێکی چوار تایە (ATV) هاووڵاتییەکی فەڵەستینی کرد بە ژێرەوە کە لە کەناری ڕێگاکە نوێژی دەکرد.
لەو دیمەنانەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتییدا بڵاوکراونەتەوە، دەردەکەوێت هاووڵاتییەکی ئیسرائیلی کە زەوییەکانی فەڵەستینی زەوت کردووە، ماتۆڕسکیلێک بەسەر هاووڵاتییەکی فەڵەستینیدا کە لە کەناری ڕێگاکە نوێژ دەکات، لێدەخوڕێت و دەیکات بە ژێرەوە.
ڕووداوەکە لە شارۆچکەی دێر جەریر لە ڕۆژهەڵاتی ڕامەڵڵا ڕوویداوە و، ئەو ئیسرائیلییەی بەسەر هاووڵاتيیە فەڵەستینییەکەدا ڕۆیشتووە، سەربازێکی یەدەگی سوپای ئیسرائیلە.
پاش ئەوەی هاووڵاتییە فەڵەستینییەکەی کرد بە ژێرەوە، سەربازە ئیسرائیلییە چەکدارەکە هاواری دەکرد، پاشان هێرشی کردە سەر شۆفێرێکی تەکسی فەڵەستینی کە کاردانەوەی بەرامبەر ڕووداوەکە هەبوو.
هاوکات لە دیمەنی دیکەدا کە لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتییدا بڵاوکراونەتەوە، دەردەکەوێت پێشتر ئەو سەربازە ئیسرائیلییە لە دێر جەریر تەقە لە هاووڵاتیيە فەڵەستینییەکان دەکرد.
لە ئەنجامی کاردانەوەکان بەرامبەر ڕووداوەکە، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، ناداڤ شۆشانی بانگەشەی ئەوەی کرد کە بابەتەکە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرز دەکرێتەوە و، دەست بەسەر چەکی سەربازە یەدەگەکەدا گیراوە و کۆتایی بە خزمەتی سەربازییەکەی وەک یەدەگ هێنراوە.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
