Ramal Mahmood
16 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 16 کانوونی یەکەم 2016
حەلەب - AA
سێ کاروانی دیکە لە رۆژهەڵاتی حەلەب کە لەلایەن هێزەکانی رژێمی بەشار ئەسەد و گرووپە تیرۆریستییە بیانییەکانی لایەنگری رژێم گەمارۆدراوە، گەیشتنە ئیدلب کە لەژێر دەستی ئۆپۆزسیۆن دایە. بەمجۆرە ژمارەی ئەو کەسانەی لە ناوچە گەمارۆدراوەکانەوە گواستراونەتەوە بۆ ئیدلب، گەیشتە حەوت هەزار و ٥٠٠ کەس.
بەهۆی ئەوەی دوێنێ گرووپە تیرۆریستییە بیانییەکانی لایەنگری رژێم ئاستەنگیان خستە بەردەم کاروانی پاسەکان و دوایان خستن، یەکەم کاروان لەکاتی رۆژ و کاروانی دووەمیش سەر لە ئێوارە گەیشتە ئیدلب کە هاوسنووری تورکیایە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە حەلەب دەست پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتوون، بە درێژایی شەو بە گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنی هاووڵاتییانی مەدەنی و ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن لە حەلەبەوە گواسترانەوە بۆ ئیدلب.
تاکو بەیانی سێ کاروان کە لە دەیان پاس و پاسی بچووک پێکدەهاتن و هاووڵاتییانی سڤیل و جەنگاوەرانی ئۆپۆزسیۆنیان لە ناوچە گەمارۆدراوەکانەوە بۆ ئیدلب گواستەوە. کە لەنێویاندا سەدان بریندار هەبوون.