Mazın Asad
13 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 14 شوبات 2018
ئیدلب - AA
ئەو رێڕەوەی رژێمی ئەسەد کردوویەتەوە، ئۆپۆزسیۆنی سووریا رێگری لە دزەکردنی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە شەڕو پێکدادانەکانی ناوچەی کەمکردنەوەی بارگرژی لە ئیدلب کرد و ٤٠٠ تیرۆریستی دەستگیر کرد.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ناوچەکە دەست پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە، لە ئۆپەراسیۆنەکانی ھاوبەشی گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، توانرا رێگری لە دزەکردنی داعش لە ناوچەی ژێرکۆنترۆڵی رژێمی سووریا بۆ ئیدلب کرا.
١٢ گرووپی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بەناوی "بەرپەرچدانەوەی داگیرکاران" ژووری عەمەلیاتی ئۆپەراسیۆنیان پێکھێنا و لە باشووری ئیدلب و دەوروبەری رۆژھەڵاتی ئیدلب ژمارەیەکی زۆر لە تیرۆریستانی داعشیان کوشت.
لە شەڕوپێکدادانەکاندا گورزێکی کوشندە بەر داعش کەوت و رێگری لە چوونیان بۆ ئیدلب کرا.
- بە سەدان تیرۆریستی داعش بارمتەر کرا
گوتەبێژی ژووری عەمەلیاتی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا، ناجی ئەبو حوزەیفە لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند ئەو ئۆپەراسیۆنەی لە دژی پێشڕەویکردنی داعش لە ناوچەکانی ژێرکۆنترۆڵی رژێمی ئەسەدەوە بۆ ئیدلب دەستی پێکردووە، درێژەی ھەیە.
ئەبو حوزەیفە گوتیشی: "ئەمڕۆ لە باشوور و دەوروبەری رۆژھەڵاتی ئیدلب، ٤٠٠ تیرۆریستی داعشمان دەستگیر کرد کە نزیکەی ٨٠ کەسیان بریندارن".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە لە ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکەدا نزیکەی دوو ھەزار چەکداری ئۆپۆزسیۆن ھەیە و گوتیشی: "سەرەتا ھێڵەکانی بەرگری پێکھێنا و پاشان پێشڕەوییەکانی داعشمان وەستاند. دواتر ھێرشمان ئەنجام دا. لە ئەنجامی ھێرشەکانماندا گوندەکانی ئوم ھەلاھیل، ھویەن و عەرز زەرور-مان لە دەوروبەری باشووری ئیدلب کۆنترۆڵ کرد".
گوتەبێژی ژووری عەمەلیاتی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا لە بەشێکی قسەکانیدا گوتیشی: "ماوەی چوار رۆژە شەڕوپێکدادانەکانی لە نێوان ئۆپۆزسیۆن و داعش لە باشووری ئیدلب و گوندەکانی رۆژھەڵاتی شارەکە چڕ بووەتەوە. گورزێکی گەورە بەر داعش کەوت. تیرۆریستان دوای ئەوەی فەرماندەکانیان لەدەست دا، سەربەخۆ جموجۆڵ دەکەن".
گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە ناوچەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە داعش لە قۆناغی لێکترازاندایە و بۆ شوێنە نادیارییەکانیان پاشەکشەیان کردوە.
رژێمی ئەسەد و داعش ماوەیەکە لە پێناو پێشڕەویکردن لە ناوچەی کەمکردنەوەی بارگرژی لە ئیدلب، کاری ھاوبەش ئەنجام دەدەن.
رژێمی ئەسەد لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٧دا رێگەی ناوچەی حونەیفیس لە رۆژھەڵاتی حەما بۆ تیرۆریستانی داعش کردبوو و تێپەڕبوونی بۆ ناوچەکانی ژێرکۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆن و گرووپە چەکدارەکانی دژ بە رژێمی دەستەبەر کردبوو. بەھۆی ھەماھەنگی نێوان داعش و رژێمی ئەسەد و ھێرشە ئاسمانییەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆپۆزسیۆنی سووریا و گرووپە چەکدارەکانی دژ بە رژێم، رژێمی ئەسەد توانی پێشڕەویی لە ناوچەکە بکات.