Atila Altuntaş
09 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 10 شوبات 2022
ستۆکهۆڵم - AA
ئاژانسی تەندروستیی گەلی سوید رایگەیاند کە لەمڕۆوە سەرجەم رێوشوێنەکانی تایبەت بە خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لادەبرێن و ژیان ئاسایی دەبێتەوە.
سەرۆکی ئاژانسی تەندروستیی گەلی سوید، کارین تێگمارک ویسێڵ ئەوەی ئاشکرا کرد کە لەمڕۆوە هەموو رێوشوێنەکانی تایبەت بە کۆرۆنا لابراون.
کارین تێگمارک ویسێڵ باسی لەوەیش کرد کە بەهۆی خەرجی دەوڵەتەوە لەمڕۆوە کۆتاییان بە پشکنینەکانی کۆرۆنا هێناوە و رایگەیاند "خەرجی هەفتانەی پشکنینەکانی کۆرۆنا لەسەر دەوڵەت ٥٥ ملیۆن دۆلارە، خەرجی مانگانەشی ٢٢٠ ملیۆن دۆلارە، هەربۆیە کۆتاییمان بە پشکنینەکانی کۆرۆنا هێنا".
بەمشێوەیە تەنها کارمەندانی تەندروستیی دەتوانن بێبەرامبەر پشکنینی کۆرۆنا ئەنجام بدەن لە دەرەوەی ئەوە هەرکەسێک خۆی پشکنینی کۆرۆنا ئەنجام بدات ئەوا حکوومەت و کۆمپانیاکانی بیمەکردن خەرجی پشکنینەکە ناگرنە ئەستۆ.
لە لایەکی دیکەشەوە لەمڕۆوە، تەواوی مەرجەکانی هەبوونی کارتی وەرگرتنی ڤاکسین و کارتی گەشتی دیجیتاڵی لە سوید رادەگیرێن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەگوێرەی نوێترین ئامارەکان تا ئێستا ١٦ هەزار و ٢٤٤ کەس لە سوید بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە و دوو ملیۆن و ٣٥٤ هەزار و ٤٥٥ حاڵەتی تووشبوونیش تۆمار کراون.
بڕیاریشە لە دوای سوید وڵاتی فینلاند لە یەکی ئاداری داهاتوودا، رێوشوێنەکانی رێگریکردن لە کۆرۆنا لاببات.