Saadet Firdevs Aparı
09 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 09 شوبات 2022
ئەنقەرە - AA
لە ویلایەتی کارناتاکا باشووری رۆژئاوای هیندستان، گێچەڵکردن بە خوێندکارێکی باڵاپۆش، بووەتە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی ناڕەزاییەتی.
رۆژنامەنووسی هیندستانی، محەمەد زوبەیر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر، گرتەی ڤیدیۆیی خوێندکارێکی باڵاپۆشی بە ناوی بیبی موسکان بڵاوکردەوە کە لەلایەن چەند خوێندکارێکی دیکەوە لە زانکۆ گێچەڵی پێدەکرێت و تانەی لێدەدرێت.
لەو گرتە ڤیدیۆییەدا کە بەخێرایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە، چەند خوێندکارێک کە کڵاوی تایبەت بە پەیڕەوانی ئایینی هیندۆسییان لەسەرە، تانە لە بیبی موسکان دەدەن و داوای لێدەکەن رووبەندەکەی لاببات، لە بەرامبەردا بیبی موسکان بە گوتنەوەی دروشمی "اللە اکبر" وەڵامی خوێندکارەکان دەداتەوە.
موسکان لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی "NDTV" باسی لەوە کرد کە بۆ ئەوەی ئەرکێکی ماڵەوە بدات بە مامۆستاکەی چووەتە زانکۆ، بەڵام لەبەر ئەوەی رووبەندی لەبەربووە لەلایەن چەند خوێنکارێکەوە رێگری چوونە ناو زانکۆی لێکراوە، بەڵام مامۆستا و بەرپرسانی زانکۆکەی پاراستوویانە.
ئەو خوێندکارە باسی لەوەش کرد کە هەمیشە بە رووبەندەوە چووە بۆ زانکۆ و تەنها لە کاتی چوونە ناو وانەکانەوە رووبەندەکەی لابردوە.
دوای بڵاوبوونەوەی گرتەکەش کەسانێکی زۆر کە سیاسەتمەداران و رۆژنامەنووسانیشیان لەنێودایە پشتیوانی خۆیان بۆ بیبی موسکان دەربڕی.
لە رۆژانی رابردووشدا بەهۆی رێگریکردن لە چوونەژوورەوەی خوێندکارانی باڵاپۆش بۆ ناو زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندن، خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتی دروست بووبوو.
جێی ئاماژەیە لە ویلایەتی کارناتاکا، یاسایەکی تایبەت بە قەدەغەکردنی باڵاپۆشی هەیە و بەمهۆیەوە ناوبەناو گرفت بۆ خوێندکاران و کارمەندانی باڵاپۆش دروست دەبێت.