Zana Natık Kerem
08 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 08 ئەیلوول 2020
تەرابلوس ــ AA
سوپای لیبیا رایگەیاند كە میلیشیاكانی خەلیفە حەفتەر بۆ جاری چوارەم ئاگربەستیان لە شاری سرت پێشێل كردەوە و ژمارەیەك مووشەكیان ئاراستەی یەكەكانی سوپا كردووە
لەمبارەیەوە گوتەبێژی سوپای لیبیا، محەمەد قنونو لە زنجیرەیەك تویتدا نووسیویەتی: "هێزەكانمان پێشێلكردنێكی دیكەی ئاگربەستیان لە شاری سرت تۆمار كردووە كە ئەمەیش بۆ چوارەم جارە میلیشیاكانی خەلیفە حەفتەر ئەو ئاگربەستە پێشێل دەكەن كە هێزەكانمان پێوەی پابەندن".
محەمەد قنونو راشیگەیاندووە كە میلیشیاكانی خەلیفە حەفتەر لە میحوەری سرت، ژمارەیەك مووشەكی گراد-یان ئاراستەی یەكەكانی سوپای لیبیا كردووە لە رۆژئاوای سرت.
ئەوەشی نووسیووە "هێزەكانمان لە ئامادەباشیدان و چاوەڕوانی بڕیار و فەرمانی فەرماندەی باڵا، فائز سەراج دەكەن تا لە كاتی گونجاودا، یەكەكانمان وەڵامی ئەم هێرشانە دەدەنەوە".
ناوبراو باسی لەوە نەكردووە كە ئایە هێرشەكە هیچ زیانێكی گیانی یان ماددەی لێكەوتووەتەوە یان نا.
لە ٢١ی ئابدا هەریەك لە سەرۆكوەزیرانی لیبیا، فائز سەراج و سەرۆكی پەرلەمانی تۆبرووك كە پاڵپشتی لە خەلیفە حەفتەر دەكات، بڕیاری ئاگربەستیان راگەیاند، بەڵام تا ئێستا چوار جار ئەو ئاگربەستە لەلایەن میلیشیاكانی خەلیفە حەفتەرەوە پێشێلكراوە.
سوپای لیبیا رایگەیاندووە كە میلیشیاكانی خەلیفە حەفتەر لە 27ی ئابی رابردوودا بۆ جاری یەكەم و لە دووی ئەم مانگەدا بۆ جاری دووەم و لە شەشی ئەم مانگەدا بۆ جاری سێیەم ئاگربەستیان لە شاری سرت پێشێلكردووە.
حكوومەتی لیبیا بە جیددی هەوڵ بۆ چەسپاندنی ئاسایش لە ناوچەكە و باشتركردنی خزمەتگوازرییەكان دەدات، چونكە بەهۆی ئەو جەنگەی كە میلیشیاكانی خەلیفە حەفتەر بە پاڵپشتی ژمارەیەك وڵاتی عەرەبی و ئەورووپایی بۆسەر حكوومەتی شەرعی لە لیبیا ئەنجامی دەدات، زیانێكی زۆر بەر ناوچەكە كەوتووە.