Ömer Koparan,Levent Tok,Eşref Musa,Mohamad Misto,Rewa Mahmut Hasan
22 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 22 کانوونی دووەم 2018
عەزاز/ئەنقەرە - AA
هێزە چەکدارەکانی سوپای تورکیا، لەگەڵ سوپای سووریای ئازاد لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتوندا، دەستیان بە هێرشکردن کرد بۆ سەر عەفرین لە قۆڵی رۆژهەڵاتەوە.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند کە لە سێیەم رۆژی ئۆپەراسیۆنەکەدا هێزە چەکدارەکانی سوپای تورکیا لە عەزازەوە لە رێگەی وشکانییەوە چوونەتە ناو ئەو خاکەی ئامانج بووە.
لە ئۆپەراسیۆنەکەدا ژمارەیەکی زۆر ئەندامی سوپای سووریای ئازاد بەشدارن.
لەم نێوەندەدا فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا لانەی تیرۆریستانیان لە شاخی بورسەیا کە خاوەنی پێگەیەکی ستراتیجییە بۆ عەفرین، بۆردومان کردووە.
رێکخراوی تیرۆریستی لە شاخی بورسەیاوە کە بەسەر شاری کلیس-ی تورکیا و عەزازی ژێر کۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆنی سووریادا دەڕوانێت، ناوبەناو بە مووشەک هێرش دەکەن و کەسانی سیڤیل لە ناوچەکە دەکەنە ئامانج.
لەگەڵ پاککردنەوەی تیرۆریستان لە بورسەیا، هەڕەشەی ئاسایش لەسەر کەسانی مەدەنی لە هێڵی سنووری تورکیا و عەزاز و دەورووبەری کەم دەبێتەوە.
لەم نێوەندەدا یەکەکانی سەر بە هێزە چەکدارەکانی سوپای تورکیا، پێگەکانی تیرۆریستان لە فرەریە، حجلار، حەمیدیە و جەلەمەی سەر بە ناحیەی جیندەریس تۆپباران دەکەن لە سنوورەوە.
دوێنێ سوپای تورکیا و هێزەکانی سوپای سووریای ئازاد لە باکوور، باکووری رۆژئاوا و رۆژئاوای عەفرین ١١ خاڵیان کۆنترۆڵ کردبوو.