Zein Khalil
28 مای,س 2024•نوێکردنەوە: 28 مای,س 2024
قودس ــ AA
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ڕێگرییان لە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووە کە لە بەرەی ڕۆژھەڵاتەوە ئاراستەی شاری ئیلات باشووری ئیسرائیل کرابوون ، ھاوکات گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی ھێرشەکە، ڕاگەیاند.
سوپای ئیسرائیل لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێكس ڕایگەیاندووە، ھێزی ئاسمانییان، ڕێگرییان لە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووە کە لە لای ڕۆژھەڵاتەوە ئاراستەی شاری ئیلات باشووری ئیسرائیل کرابوون و ڕووداوەکە ھیچ زیانێکی لێ نەکەوتووەتە.
ئاماژەی بەوەشداوە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، خاکی ئیسرائیلیان نەبەزاندووە.
ھەر لەوبارەیەوە میدیای فەرمی ئیسرائیل، گرتەیەکی ڤیدیۆیی لەبارەی ڕێگریی کردن لە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکە، بڵاوکردەوە.
ھاوکات گرووپی مقاوەمەی ئیسلامیی لە عێراق کە ژمارەیەک گرووپی چەکدار نزیک لە ئێران لەخۆدەگرێت، بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی ھێرشەکەی شاری ئیلات باشووری ئیسرائیل ڕاگەیاند.
گرووپی مقاوەمەی ئیسلامیی لە عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە بە ئاراستەکردنی سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ھێرشیان کردووەتە سەر ژمارەیەک ئامانجی سەربازی لە شاری ئیلات باشووری ئیسرائیل.
ڕاشیگەیاندووە، ئەو ھێرشەیان لە وەڵامی کۆمەڵکوژییەکانی سوپای ئیسرائیل بەرامبەر بە فەڵەستینییەکان لە غەززە، ئەنجامداوە.
جەختی لەوەش کردووەتەوە کە لە ئەنجامدانی ھێرشەکانیان بۆسەر ئیسرائیل بەردەوام دەبن.