Qays Abu Samra,Zana Natık Kerem
09 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 11 تشرینی یەکەم 2018
قودس ــ AA
شاھید حاڵەکان رایانگەیاند کە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە سوپای ئیسرائیل، دایکی ئەنجامدەری ھێرشەی جوولەکەنشینی "بورکان" کە بە ھۆیەوە دوو ئیسرائیلی کوژران و یەکێکی دیکەش برینداربوو لە شاری تۆلکەرەم باکووری کەناری رۆژئاوا دەستگیرکردووە.
بە پێی ئەو زانیارییانەی کە ئاژانسی ئانادۆڵو لە شاھید حاڵەکان دەستی کەوتووە، ھێزێکی سوپای ئیسرائیل ھەڵیکوتاوەتە سەر گەڕەکی شویکە لە شاری تۆلکەرەم و لە میاندا، دایکی ئەنجامدەری ھێرشەکەی جوولەکەنشینی "بورکان" بە ناوی وەفا نعالوە تەمەن ٥٤ ساڵ دەستگیرکردووە.
بە گوتەی شاھید حاڵەکان، سوپای ئیسرائیل ھەڕەشەی ئەوەشی کردووە کە، ئەگەر ئەنجامدەری ھێرشەکە خۆی رادەست نەکات، ئەوە خانووەکەیان دەڕوخێنێت.
رۆژی یەکشەممە رابردوو، میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردبوویەوە کە لە ئاکامی رووداوێکی تەقەکردن لە نزیک ناوچەی پیشەسازی (بورکان) لە ناوچەی سلفیت ناوەڕاستی کەناری رۆژئاوا، دوو ئیسرائیلی کوژران و یەکێکی دیکەش برینداربوو.
لای خۆیەوە دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاویکردبوویەوە کە ئەنجامدەری تەقەکردنەکە، تەمەنی ٢٣ ساڵە و دانیشتووی شاری تۆلکەرەم باکووری کەناری رۆژئاوایە.