Beraa Göktürk
09 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 09 تشرینی یەکەم 2018
واشنتۆن ــ AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ رایگەیاند لە بارەی پرسی بێ سەروشوێنبوونی رۆژنامەوانی سعوودی، جەمال خاشقچی رایگەیاند کە گرنگە حکوومەتی سعوودیە پشتیوانی تەواو لە لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر لە بارەی پرسی بێ سەروشوێنبوونی جەمال خاشقچی دا بکات.
لە راگەیاندراوێکدا، مایک پۆمپیۆ گوتوویەتی: "ئێمە راپۆرتی جیاجیامان لە بارەی شوێن و سەلامەتی گیانی رۆژنامەوانی سعوودی، جەمال خاشقچی بەرچاو کەوتووە".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نیگەرانی وڵاتەکەی لە ھەمبەر بێ سەروشوێنبوونی جەمال خاشقچی نیشاندا و ئاماژەی بەوەدا کە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بارەی پرسەکەوە بە وردی لەگەڵ بەرپرسانی سعوودیە قسەیان کردووە.
مایک پۆمپیۆ گوتیشی: "داوا لە حکوومەتی سعوودیە دەکەین کە پشتیوانی تەواو لە لێکۆڵینەوەیەکی گشتیگر لە بارەی پرسی بێ سەروشوێنبوونی جەمال خاشقچی بکات".
ھەروەها ، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ نیگەرانی خۆی لە بارەی چارەنووسی رۆژنامەوانی سعوودی، جەمال خاشقچی نیشاندا کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە دوای سەردانیکردنی کونسۆڵخانەی وڵاتەکەی لە شاری ئیستانبوڵ دیار نەماوە و بێ سەروشوێنە.
دوێنێ دووشەممە سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی پرسی بێ سەروشوێنبوونی رۆژنامەنووسی سعوودی، جەمال خاشقچی گوتی: "لایەنە پەیوەندیدارەکان پێویستە بانگەشەی داواکاری گشتی بسەلمێنن. ئەگەر لەو شوێنە چووبێتە دەرەوە ئەوا پێویستە ئێوە بە گرتەی ڤیدیۆی ئەوە بسەلمێنن، پێویستە بیسەلمێنن".
پێشتر وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، باڵیۆزی سعوودیە لە ئەنقەرە، وەلید بن عەبدولکەریم خرێجی بانگھێشتی وەزارەت کردبوو و، چاوەڕوانی "تەواو ھاریکاربوون" لە لێکۆڵینەوە لەبارەی دۆخی جەمال خاشقجی پێ راگەیاند.
رۆژی شەممەی رابردوو داواکاری گشتی ئیستانبوڵ رایگەیاندبوو کە لێکۆڵینەوەیان لە بارەی بێ سەروشوێنبوونی رۆژنامەوانی سعوودی، جەمال خاشقجی دەستپێکردووە.