Sarmand Hameed
12 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 13 کانوونی دووەم 2019
ئەبوزەبی - AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ لەگەڵ جێنشینی ئەبوزەبی، محەمەد بن زاید ئال نهیان کۆبووەوە.
لە پێنجەم وێستگەی گەشتەکەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پۆمپیۆ لە ئیمارات لەگەڵ جێنشینی ئەبوزەبی، محەمەد بن زاید ئال نهیان کۆبووەوە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئیمارات(WAM)، بڵاوی کردووەتەوە، ئال نهیان پێشوازی لە پۆمپیۆ کردووە و لە میانی کۆبووەنەوی نێوانیاندا تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان ئەبوزەبی و واشنتۆن و هەنگاوەکانی پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە کراوە کە خزمەت بە بەرژرەوەندی ستراتیژی هەردوو وڵات بگەیەنێت.
بەپێی هەمان سەرچاوە، بن زاید و پۆمپیۆ تاوتوێی چەند پرسێک و پێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانیان کردووە.
ئیمارات دووەم وڵاتی کەنداو و پێنجەم وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە پۆمپیۆ دوای ئوردن و عێراق و میسر و بەحرێن لە میانی گەشتەکەی کە هەریەک لە سعوودیە و قەتەر و عومان و کوێتیش دەگرێتەوە، سەردانی بکات.
مایک پۆمپیۆ لە میانی گەشتەکەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ھەوڵدەدات ھاوپەیمانەکانی واشنتۆن دڵنیا بکاتەوە لە بارەی بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بۆ کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە سووریا.