Fahrettin İbrahim
29 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 30 ئەیلوول 2017
دهۆک - AA
سوپاسالارى وەزارەتى پێشمەرگەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، فەریق جەمال ئیمینکى رایگەیاند "ئەمریکا لەو بنکە سەربازییەى لە مەخموور دایمەزراندووە تۆپخانە و فڕۆکەى بێفڕۆکەوان و ژمارەیەک کەلوپەلى سەربازى تیادا جێگیر کردووە".
سوپاسالارى وەزارەتى پێشمەرگەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، فەریق جەمال ئیمینکى لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو باسى لە بنکەى سەربازى ئەمریکا لە مەخمور کرد و گوتى: " ئەمریکا هەستاوە بە کردنەوەى بنکەیەکى سەربازى لە قەزاى مەخموور بۆ پاڵپشتیکردنى هێزەکانى پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە کۆنتڕۆڵکردنەوەى قەزاى حەویجە لە چنگ تیرۆریستانى داعش، بۆ ئەو مەبەستەیش چەندین چەک و تۆپى دوور هاوێژ و فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى لە بنکە سەربازییەکە جێگیر کردووە".
فەریق جەمال ئیمینکى گوتیشى: "ئەو بنکە سەربازییەى ئەمریکا دەکەوێتە رۆژهەڵاتى قەزاى مەخموور بۆ پاڵپشتى لە هێزەکانى پێشمەرگە و سوپاى عێراق دژ بە تیرۆریستانى داعش دامەزرێنراوە".
سەبارەت بە گواستنەوەى بنکەى سەربازى ئەمریکا لە گەیارە بۆ مەخموور، سوپاسالارى وەزارەتى پێشەرگەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان دەڵێت "لەوانەیە گواستنەوەى کەلوپەلە سەربازییەکان لە بنکەى سەربازی ئەمریکا لە گەیارە بۆ مەخموور، بە مەبەستى پاڵپشتیکردنى هێزەکانى بەشدار لە کۆنتڕۆڵکردنەوەى حەویجە".
بە پێى ئەو زانیارییانەى پەیامنێرى ئاژانسى ئانادۆڵو کە لە یەکێک لە پاسەوانەکانى بنکەى سەربازى ئەمریکا لە گەیارەى وەریگرتووە "دوێنێ ١٠٠ بارهەڵگر چەکى قورس و تەقەمەنى جۆراوجۆ بۆ بنکەى سەربازى ئەمریکا لە مەخموور گواستراونەتەوە، بڕیارە ئەمڕۆش کۆتایی بە گواستنەوەى تەواوى کەلوپەلە سەربازییەکان بهێندرێت لە گەیارە".