جيهان

سوودان.. راگەیاندنی ئەنجوومەنی سەرۆكایەتی دواخرا

- ئەنجوومەنی سەربازیی راگوزەر لە سوودان: "لەسەر داوای هێزەكانی راگەیاندنی ئازادی و گۆڕان، راگەیاندنی ئەنجوومەنی سەرۆكایەتی بۆ ماوەی ٤٨ كاتژمێر دواخرا".

Zana Natık Kerem  | 19.08.2019 - نوێکردنەوە : 24.08.2019
سوودان.. راگەیاندنی ئەنجوومەنی سەرۆكایەتی دواخرا

Sudan

خەرتوم ــ AA

ئەنجوومەنی سەربازیی راگوزەر لە سوودان رایگەیاند لەسەر داوای هێزەكانی راگەیاندنی ئازادی و گۆڕان، راگەیاندنی ئەنجوومەنی سەرۆكایەتی بۆ ماوەی ٤٨ كاتژمێر دواخرا.

سەرۆكی لیژنەی سیاسی لە ئەنجوومەنی سەربازیی راگوزەر، شەمسەددین كەباشی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند كە ئێوارەی دوێنێ‌ یەكشەممە، ئەنجوومەنی سەربازیی راگوزەر و هێزەكانی راگەیاندنی ئازادی و گۆڕان كۆبوونەوە و لە میاندا تاوتوێی رێكارەكانی تایبەت بە پێكهێنانی ئەنجوومەنی سەرۆكایەتییان كرد.

شەمسەددین كەباشی هەر سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە ئاماژەی بەوەداوە لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا، جەختبیانكردەوە كە پابەندن بە جێبەجێكردنی خاڵەكانی نێو بەڵگەنامەی دەستووری كە تایبەتە بە دابەشكردنی دەسەڵات لە قۆناغی راگوزەردا.

سەرۆكی لیژنەی سیاسی لە ئەنجوومەنی سەربازیی راگوزەر، شەمسەددین كەباشی ئەوەشی گوت "هەردوولا ناوی پێنج كاندیدی خۆیان بۆ ئەنجوومەنی سەرۆكایەتی پێشكەش كرد، بەڵام هێزەكانی گۆڕان پاشگەزبوونەتەوە لە پێشكەشكردنی بەشێك لە ناوی ئەو كاندیدانەی كە بۆ ئەندامێتی ئەنجوومەنەكە پێشكەشیان كردبوو، داواشیانكرد مۆڵەتی ٤٨ كاتژمێریان پێبدرێت بۆ ئەوەی لیستی كۆتایی ناوی كاندیدەكانیان رادەست بكەن".

پێشتر كاندیدی هێزەكانی راگەیاندنی ئازادی و گۆڕان بۆ ئەنجوومەنی سەرۆكایەتی، تەها عوسمان رایگەیاندبوو كە لە كاندیدبوونی بۆ ئەندامێتی ئەنجوومەنی سەرۆكایەتی كشاوەتەوە.

لە قۆناغی راگوزەردا لە سوودان، دەسەڵاتەكان بەسەر ئەنجوومەنەكانی ئەوانیش ئەنجوومەنەكانی سەرۆكایەتی، وەزیران و پەرلەماندا دابەشكراون.

ئەنجوومەنی سەرۆكایەتی لە ١١ ئەندام پێكدێت، پێنجییان لە لایەن هێزەكانی راگەیاندنی ئازادی و گۆڕانەوە كاندید دەكرێن و پێنج ئەندامی دیكە، ئەنجوومەنی سەربازیی راگوزەر كاندیدییان دەكات، لەگەڵ ئەندامێكی دیكەی مەدەنی كە هەردوولا لەسەری رێكدەكەون.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن