Zana Natık Kerem
13 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 13 نیسان 2019
خەرتووم ــ AA
ژمارەیەکی زۆر لە ھاووڵاتییانی سوودان بەردەوامن لە خۆپیشاندان ناڕەزایەتیی دەربرین کە ماوەی ھەشت رۆژە لە بەردەم بارەگای فەرماندەیی سوپا لە شاری خەرتووم-ی پایتەخت ئەنجامی دەدەن.
لە میانی خۆپیشاندانەکەدا، خۆپیشاندەران داوا دەکەن، ئەنجوومەنی راگوزەری سەربازیی ھەڵبوەشێندرێتەوە کە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات پێکھێندراوە.
هاوکات گردبوونەوەی پیشەوەرانی سوودان و لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن داوایان لە ھاووڵاتییان کرد بۆ پارێزگاریکردن لە دەستکەوتەکانی شۆڕش روو لە شوینی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکە بکەن کە لە بەردەم بارەگای فەرماندەیی سوپا لە شاری خەرتووم ئەنجام دەدرێت.
گردبوونەوەی پیشەوەرانی سوودان لە راگەیەندراوێکدا گوتوویەتی: " ئەمڕۆش درێژ بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانمان دەدەین بۆ ئەوەی سەرکەوتنێکی یەکجارێکی لە شۆڕشەکەمان بەدەستبھێنن، جەخت دەکەینەوە کە شۆڕشەکەمان بەردەوامە و لێی پاشگەز نابینەوە تا ئەو کاتەی تەواوی داواکاریییە رەواکانی گەل بۆ پێکھێنانی حکوومەتێکی راگوزەری مەدەنی بەدی دێت".
لە لایەکی دیکەوە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاندووە خۆپیشاندەران لە بەردەم بارەگای فەرماندەیی سوپای سوودان دروشمەکانی، "دەسەڵاتی یەکەم و دووەم رووخا" و "سێیەمیش دەرووخێت" یان بەرزکردووەتەوە وەک ئاماژەیەک بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی سەرۆکی وڵات، عومەر بەشیر و سەرۆکی ئەنجوومەنی راگوزەری سەربازیی سوودان، عەوەز بن عۆف لەگەڵ ئەگەری رووخاندنی دەسەڵاتی ئێستای سەرۆکی ئەنجوومەنی راگوزەری سەربازیی، عەبدولفەتاح بورھان.
ھاوکات ژمارەیەک لە خۆپیشاندەرانی سوودان بە ئاژانسی ئانادۆڵویان راگەیاندووە کە ئەوان بەردەوام دەبن لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دەربڕین تا ئەو کاتەی دادپەروەیی و ئازادی لە وڵاتەکەیان بەدی دێت و دارودەستەکانی رژێمەکەی عومەر بەشیر لە دەسەڵات بە تەواوی دوور دەخرێنەوە، چونکە ھێشتا ئەمە بەدی نەھاتووە.
ماوەی ھەشت رۆژە ھاووڵاتییانی سوودان لە بەردەم فەرماندەیی سوپا لە شاری خەرتووم-ی پایتەخت، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دەربڕین ئەنجام دەدەن و کە لە میاندا داوا دەکەن ئەنجوومەنی راگوزەری سەربازیی کە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات پێکھێندراوە ھەڵبوەشێندرێتەوە ئەوەی حکوومەتێکی راگوزەری مەدەنی پێکبھێندرێت.
دوای ئەوەی سوپای سوودان دەستی بەسەر حکوومەتی ئەو وڵاتەدا گرت، وەزیری بەرگری سوودان، عەوەز بن عۆف وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی راگوزەری سەربازیی سوێندی یاسایی خوارد، بەڵام ٢٤ کاتژمێر بەسەر سوێندخواردنەکەیدا تێنەپەڕی و دەستی لەکارکێشایەوە.
دوێنێ ھەینی جەنەراڵ عەبدولفەتاح ئەلوبرھان وەک سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی راگوزەری سوودان، سوێندی یاسایی خوارد.