Mohammed Sameai,Mahmut Geldi
02 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 02 ئادار 2023
عەدەن - AA
سعوودیە بۆ پشتیوانیکردنی کەرتی کارەبا لە یەمەن، هەزار تۆن سووتەمەنی وەک هاوکاری دایە ئەو وڵاتە و هاوکارییەکان گەیشتە پارێزگای مەهرە.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵیی سەبەئی یەمەنی، بەڕێوبەری فەرمانگەی کارەبای یەمەن لە پارێزگای مەهرە رۆژهەڵاتی یەمەن، سەعید موبارەک ئەوەی ئاشکرا کردووە کە سعوودیە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا سووتەمەنی داوەتە وڵاتەکەی.
سەعید موبارەک باسی لەوەش کردووە کە لە چەند رۆژی رابردوودا بە تانکەر هەزار تۆن سووتەمەنی گەیەندراوەتە پارێزگای مەهرە، ئاماژەشی بە گرنگی ئەم هاوکارییە کرد کە دوای ئەو گرفتانە دێت کە لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبادا بەهۆی نەبوونی سووتەمەنییەوە روویانداوە.
حکوومەتی یەمەن لە ٢٩ی ئەیلوولدا، رێککەوتننامەیەکی لەگەڵ سعوودیە واژوو کرد بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بە بەهای ٢٠٠ ملیۆن دۆلار.
پڕۆژەی سعوودیە بۆ گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی یەمەن لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو کە لە ٢٦ی تشرینی یەکەم و ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ و ١٨ی شوباتی ٢٠٢٣دا، هەرجارەی ٧٥ هەزار تۆن سووتەمەنی نێردراونەتە یەمەن.
بەهۆی ئەوەی وێستگەی کارەبای زۆربەی پارێزگاکانی یەمەن، بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا پشت بە سووتەمەنی دەبەستن، ناوبەناو گرفتی بڕانی کارەبا لەو وڵاتە روودەدات.
ماوەیەکی درێژە ناسەقامگیری سیاسیی یەمەنی گرتووەتەوە، حووسییەکان لە مانگی ئەیلوولی ٢٠١٤وە سەنعای پایتەخت و چەند ناوچەیەکی دیکەی یەمەنیان کۆنترۆڵ کرد.
ھێزەکانی ھاوپەیمانیی عەرەبی بە رابەرایەتی سعوودیە لە ئاداری ساڵی ٢٠١٥وە تا ئێستا دژبە حووسییەکان پاڵپشتیی حکوومەتی یەمەن دەکات.
ئاگربەستی نێوان حکوومەتی یەمەن و حووسییەکان کە شەش مانگ بەردەوام بوو لە دووی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢دا کۆتایی هات.