Ahmet Dursun,Muhammet Ali Kemal
08 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 09 کانوونی یەکەم 2018
ئەنقەرە- AA
وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف ئاشکرایکرد ئەو سیاسەتەی ئەمریکا سەبارەت بە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست گرتوویەتییە بەر، ناوچەکەی کردووەتە کۆگای چەک و تەقەمەنی و چەکەکانی واشنتۆن کەوتوونەتە دەست رێکخراوە تیرۆریستییەکانی ئەلقاعیدە و داعش.
محەمەد جەواد زەریف لە لێدوانێکدا بەر لە کۆبوونەوەی "سەرۆکی پەرلەمانەکان سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و توندڕەویی" کە لە تارانی پایتەخت سازکرابوو، باسی لەوەکرد ئەمریکا زیاتر لە پێویستیی وڵاتانی ناوچەکە چەکی فرۆشتووە.
راشیگەیاند: "ئەمە نیشانەیەکی زۆر مەترسیداری ئەو سیاسەتەی ئەمریکایە کە لە ناوچەکە گرتوویەتییە بەر. ئەم سیاسەتەی کە پەیڕەو کراوە هیچ سوودێکی نییە بۆ ئەوەی ناوچەکە بە ئاشتی و ئاسایش بگات بەڵکو ناوچەکەی بۆ کۆگایەکی پڕ لە بارووتی چەکی وێرانکەر گۆڕیوە".
زەریف جەختی لەوەکردووەتەوە کە واشنتۆن بە بیانووی جۆراوجۆر چەکی رەوانەی ناوچەکە کردووە و رایگەیاند: "چەکی ئەمریکییەکان لە یەمەن کەوتە دەست ئەلقاعیدە و لە سووریا کەوتە دەست داعش. ئێمە ئەمەمان لە رۆژنامە ئەورووپییەکانەوە خوێندەوە. ئەم دۆخە بەردەوام هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشمان".