Davit Kachkachishvili
01 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 02 کانوونی دووەم 2023
کیێڤ - AA
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی پەیامێکی بەبۆنەی ساڵی نوێی زاینییەوە بڵاوکردەوە.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی پەیامێکی ڤیدیۆیی لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرام بڵاوکردەوە و ئەوەی بەبیرهێنایەوە کە شەڕی وڵاتەکەی بەرامبەر بە رووسیا بەردەوامە.
سەرۆکی ئۆکراینا ئاماژەی بەوە دا کە رووسیا لە ٢٤ی شوباتەوە دەستی بە شەڕ کردووە لە وڵاتەکەیدا و رایگەیاند کە ٣١١ رۆژە ململانێکان بەردەوامن.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی بە ئاماژەدان بەوەی کە وەڵامی هێرشەکانی رووسیایان داوەتەوە و لە پێناو رزگارکردنی خاکی ئۆکراینا خەباتیان کردووە، گوتی: " لە ٢٤ی شوباتەوە دەستمان بە تۆمارکردنی سەرکەوتنەکانمان کرد".
سەرۆکی ئۆکراینا ئەوەیشی خستەڕوو کە لە ساڵی ٢٠٢٣شدا بەردەوام دەبن لە هەنگاونان بەرەو سەرکەوتنەکان و گوتی: "ئەمە، ئەو ساڵە بوو کە ئۆکراینا جیهانی گۆڕی و جیهان ئۆکراینای دۆزییەوە".
- لەکاتێکدا پێکدادان و هێرشەکان بەردەوامییان هەیە، ئۆکراینا پێی نایە ساڵی نوێوە
ئۆکراینا کە لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢ەوە لەگەڵ رووسیا لە ململانێدایە، لەژێر هێرشەکاندا پێی نایە ساڵی ٢٠٢٣.
لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکانی دوێنێی سوپای رووسیا بۆسەر شاری کیێڤ پایتەختی ئۆکراینا، کەسێک کوژرا و ٢٠ی دیکەش برینداربوون.
بەدرێژایی رۆژ لە کیێڤ بەهۆی ئەو هێرشانەی کە زیانی زۆریان بە ژێرخانی مەدەنیی لە چەند گەڕەکێکی شارەکە گەیاند، زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا.
دانیشووانی کیێڤ لە پێناو سەلامەتی خۆیان زۆربەی رۆژەکەیان لە حەشارگە و وێستگەکانی میترۆ و تونێلەکاندا بەسەر برد.
- لە شەوی سەری ساڵدا لە کیێڤ هیچ ئاهەنگێکی گەورە بەڕێوەنەچوو
لە شاری کیێڤ پایتەختی ئۆکراینا کە شەڕ تیایدا بەردەوامە، بۆ ئەمساڵ هیچ ئاهەنگێکی بەرفراوان ئەنجام نەدرا.
لە سەنتەری شاری کیێڤ کە لە ساڵانی رابردوو بە کۆنسێرت و چالاکی جۆراوجۆر و نمایشی یارییە ئاگرینەکان پێی دەنایە ساڵی نوێوە، ئەمساڵ لە شەوی سەری ساڵدا، بەهۆی شەڕەوە هیچ چالاکی و ئاهەنگێک ئەنجام نەدرا.
تەنانەت ئەو درەختەی کریسمس کە لە شاری کیێڤ بەهۆی هێرشەکانی سوپای رووسیاوە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، بە کارەبای مۆلیدەکە رووناک کرایەوە و هەندێک لە شەقامەکانی شارەکە لە شەوی سەری ساڵدا، بە تاریکی مانەوە.
ژمارەیەک لە هاووڵاتییان لە شەودا، چوونە دەرەوە و وێنەی یادگارییان لەگەڵ ئەو درەختی کریسمسەدا گرت کە لە گۆڕەپانی سۆفیا دانرابوو.
لە کیێڤ کە خەڵک بەشێوەیەکی زۆر سنووردار ئاهەنگی ساڵی نوێیان گێڕا، ژمارەیەک لە هونەرمەندان کۆنسێرتی بچووکیان لە شەقامەکاندا ئەنجام دا.
لە کیێڤ وەک رۆژانی دیکە قەدەغەی هاتوچۆ لەنێوان کاتژمێر ٢٣:٠٠ بۆ ٠٥:٠٠ لە شەوی سەری ساڵدا بەردەوام بوو.