Muhammet Ali Kemal
01 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 01 مای,س 2017
بەغدا- AA
بە بۆنەی رۆژی جیهانیی کرێکاران لە بەغدای پایتەختی عێراق، رێپێوانێک بە بەشداریی سەدان کەس، سازکرا.
رێپێوانەکە کە بە سەرپەرشتی پارتی کۆمۆنیستی عێراق و ژمارەیەک لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی سازکرابوو، لەبەردەم باڵەخانەی شانۆی نیشتمانیی دەستی پێکرد و لە شەقامی ئەندەلوس کۆتایی هات.
لە رێپێوانەکەدا درووشمی ئەوە گوترایەوە کە ''دەبێت حکوومەت بە شێوەیەکی پێویست بەرەنگاری گەندەڵی ببێتەوە'' و خۆپیشاندەران داوای ''باشکردنی مافە تەندروستی، کۆمەڵایەتی و سەندیکاییەکانی'' کرێکارانیان دەکرد.
یەکێک لە بەشدارانی خۆپیشاندانەکە بەناوی جەبار عوبەید لە گوتەیەکدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژەی بەوەکرد داواکارییان لە حکوومەت ئەوەیە کە بەرەنگاریی گەندەڵی ببێتەوە.
جەبار عوبەید پیرۆزبایی رۆژی جیهانی کرێکارانی لە تەواوی کرێکارانی جیهان کرد و گوتی: ''داوای ئەوە دەکەین کە ریفۆرمی سیاسی و ئابووری لە عێراق ئەنجامبدرێت و گەندەڵکاران لە پەرلەمان وەدەر بنرین''.
لە کاتی بەڕێوەچوونی رێپێوانەکەشدا رێوشوێنی ئەمنی توند گیرابوویە بەر.
لای خۆیشییەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی لە پەیامێکد بە بۆنەی ١ی ئایارەوە، پیرۆزبایی لە کرێکارانی وڵاتەکەی کرد.