Azat Muhammet
01 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 02 مای,س 2017
دهۆک - AA
١ ئایارى هەموو ساڵێک لە سەرتاسەرى جیهان تایبەتە بە رۆژى جیهانى جیهانى کرێکاران، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونى ژمارەیەکى زۆر لە کرێکارانى پارێزگاى دهۆک و بەشێک لە بەرپرسانى ئیدارەى پارێزگاى دهۆک رێوەڕەسمى رۆژى جیهانى کرێکاران بەڕێوەچوو کە تێیدا بە ئەنجامدانى چەندین چالاکى هونەرى گوزارشت و ماندوو بوونى کرێکاران خرایەڕوو.
لە میانى بەڕێوەچوونى رێوەڕەسمى رۆژى جیهانى کرێکاران سەرۆکى لقى دهۆکى سەندیکاى کرێکارانى کوردستان، عیسا نەسرى لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "رۆژى جیهانى کرێکاران و جەژنى کرێکاران لە تەواوى گەلى کورد و مرۆڤایەتى پیرۆز دەکەم، هیوادارم ئەم جەژنە هاوشێوەى جەژنى قوربانى موسوڵمانان و جەژنى قیامەى کریستیانەکان و جەژنى چارشەمبا سۆرێى ئێزیدییان بەرز و پیرۆز رابگیرێت، چونکە ئەمەیش جەژنى مرۆڤایەتى و چینى هەژاران و کەم درامەتانە".
لەبارەى جیاوازى رۆژى جیهان کرێکاران لەگەڵ ساڵانى رابردوو لە پارێزگاى دهۆک گوتیشى: "جێگەى خۆشحاڵییە ئەمساڵ بەشى هەرە زۆرى کرێکاران ئەم رۆژەیان بەرز راگرت، هەرچەند ساڵانى رابردوو بەهۆى شەڕى داعش قەیرانى دارایی رێژەیەکى کەم بەشدارى رێوڕەسمەکانى رۆژى جیهانى کرێکاران بوو، بەڵام ئەمساڵ ژمارەیەکى زۆر لە کرێکاران بەشدارى رێوڕەسمەکانیان کرد و ئەوانەى لە رێوڕەسمەکانى لقى دهۆکى سەندیکاى کرێکارانی کوردستانیش بەشدار نەبو بوون، بۆ گەشت و سەیران دەرچوو بوون".
عیسا نەسرى سەبارەت مافى کرێکاران لەلایەن حکوومەت و بەڵیندەرانەوە دەڵێت "داوا لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان دەکەین زیاتر پێداگیرى بکات لە مافى کرێکاران تاوەکو بێ بەش نەبن لە مافە رەواکانیان، هەروەها داوا لە کرێکارانیش دەکەین بەهیچ شێوەیەک لە هیچ پێشێلکارییەکى خاوەنکار و بەڵێندەران نەبوورن لە رێگەى سەندیکاى کرێکارانەوە داواى مافى خۆیان بکەن".
سەرۆکى لقى دهۆکى سەندیکاى کرێکاران ئاشکراى دەکات کە ١٨٥ ملیۆن دینارى کرێکاران لەلایەن خاوەنکار و بەلێندەران زەوت کرابوو، دواى ئەوەى کرێکاران سکاڵاى یاساییان تۆمار کرد سەندیکاى کرێکاران هەڵستا بە ئەنجامدانى لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە و دواى لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونێکى زۆر بێ ئەنجام بوو، دواتر کەیسى ئەو گوژمە پارە زەوت کراوە کرێکارانمان رەوانەى دادگا کرد خۆشبەختانە لە رێگەى دادگاوە تەواوى مافە داراییەکانى بۆ کرێکاران گەڕاندەوە.
نەسرى ئاماژەى بەوەدا لەگەڵ ئیدارەى پارێزگاى دهۆک سەرقاڵى رێکخستن و زانینى دوایین ئامارى کرێکارانن لە پارێزگاى دهۆک، وێڕاى نەبوونى ئامارێکى ورد بەڵام ژمارەى کرێکاران بە زیاتر لە ٥٠ هەزار کرێکار دەخەمڵێندرێت، هەروەها گوتیشى: "ئێمە هەر کرێکارێک جا ئەندامى سەندیکاى کرێکار بێت یان ئەندام نەبێت لە کاتى روودانى رووداوێک یان بریندار بوون یان گیان لە دەستدانیان خۆمان بە خاوەنى کەیسەکە دەزانین بە هەموو جۆرێک پاڵپشتییان دەکەین تاوەکو قەرەبوو بکرێنەوە، تا ئێستاش لە ساڵى ٢٠١٧ لە ماوەى ٤ مانگدا ٣ کەس لەسەر کاتى کرێکارى گیانیان لە دەستداوە و ٦ى دیکەش بریندار بوونە".