Zana Natık Kerem
02 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 03 تشرینی یەکەم 2021
ھەولێر ــ AA
لە رۆژی سێ تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٣٢، ئەندامبوونی عێراق لە کۆمەڵەی گەلان پەسەندکرا و وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش ژمارەیەک بەڵگەنامەی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحمەد سەحاف راگەیەندراوێکی لەبارەی مێژووی بە ئەندامبوونی عێراق لە کۆمەڵەی گەلان بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە: "ھاوکات لەگەڵ راگەیاندنی رۆژی سێی تشرینی یەکەم بە جەژنی نیشتمانیی کۆماری عێراق، ژمارەیەک بەڵگەنامەی دەگمەن لە ئەرشیفی کۆمەڵەی گەلان لە جنێڤ تایبەت بەم رۆژە مێژووییە بڵاودەکەینەوە".
لە راگەیەندراوێکدا ئەوەیش ھاتووە: "لە رۆژی سێی تشرینی یەکەم لە ساڵی ١٩٣٢، ئەندامبوونی عێراق لە کۆمەڵەی گەلان پەسەندکراوە، ئەویش لەسەر داوایەک کە ئەو کات لەلایەن شانیشنی عێراقەوە بە واژووی سەرۆکوەزیرانی پێشووتر، نوری پاشا سەعید لە بەراوری ١٢ی تەمووز لە ساڵی ١٩٣٢ پێشکەشکرابوو، بەوەیش ئەو کات عێراق وەک یەکەم وڵاتی عەرەبی بوو بە ئەندام لە رێکخراوە نێوەدەوڵەتییەکەدا".
باس لەوەشکراوە کە بەڵگەنامەکانی کۆمەڵەی گشتیی گەلان ئاماژە بەوە دەکەن کە پەسەندکردنی بە ئەندامبوونی عێراق لە رێکخراوەکە نێودەوڵەتییەکەدا، دوای ئەوە ھات کە عێراق نیشانەکانی دەوڵەتبوونی بەدەستھێنان کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییدا دانی پێدانراو لەگەڵ بوونی حکوومەتێکی سەربەخۆ کە توانای بەڕێوەبردنی دەوڵەتداری بەشێوەیەکی رێکخراو و پاراستنی یەکپارچەیی و سەربەخۆی و پاراستنی ئاسایش لەسەرتاسەری وڵاتدا لەگەڵ دیاریکردنی سەرچاوە داراییەکانی دەوڵەت لە خەرجییەکانی حکوومەت و خاوەن یاسا، دادگایە و سنووریی خۆیەتی و ھەروەھا عێراق بەڵێنی دابوو رێز لە پابەندەییەکانی نێودەوڵەتی بگرێت.
بەپێی راگەیەندراوەکە، عێراق وەک یەکەم دەوڵەت بوو بە ئەندام لە کۆمەڵەی گەڵان، ئەوەیش بەپێی ماددەی (٢٢) لەسەردەمی کۆمەڵەی گەلان تایبەت بە ویلایەتی و ئینتیداب، دوای ئەوەی عێراق شایستە بوو لە دەرچوون لەژێر ئینتیدابی بەریتانیی.
ئەحمەد سەحاف راشیگەیاندووە، ئەو بەڵگەنامە دەگمەنانەی کە لە ئەرشیفی کۆمەڵەی گەلان خراونەتەڕوو بریتیین لە راپۆرتی لیژنەی شەشەم لە کۆمەڵەی گشتیی گەلان کە لە بەراواری یەکی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٣٢ لەبارەی بە ئەندابوونی عێراق لە کۆمەڵەی گەلان پێشکەشکرابوو، لەگەڵ پەیامی وەزیری دەرەوەی پێشووتری عێراق، جەعفەر عەشکەری بۆ سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی گەلان لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٣٢ کە تیایدا باسی لەوە کردبوو کە عێراق لە بڕیاری بە ئەندامبوونی لە کۆمەڵەی گشتیی کۆمەڵەی گەلان ئاگادارە، ھەروەھا وێنەی دانیشتنی کۆمەڵەی گشتیی گەلان کە لە جێنڤ لە سێی تشرینی یەکەمی داھاتوو سازکراوە کە لە میانیدا بە ئەندامبوونی عێراق لە کۆمەڵەی گشتیی گەلان پەسەندکرا.