جيهان

رۆژنامه‌یەکی ئیسرائیل "گرێبەستی سه‌ده‌"ی بڵاوكرده‌وه‌

- بەپێی "گرێبەستی سه‌ده‌"، دەوڵەتی فەڵەستینی نوێ سوپای نابێت، سنوورەكانی لە لایەن ئیسرائیلەوە دەپارێزرێت و لە كەرتی غەززە و کەناری خۆرئاوادا دادەمەزرێندرێت كە پایتەختەكەی بە شێوەیەكی هاوبەش لەگەڵ ئیسرائیل قودس دەبێت.

Esat Fırat, Hemın Othman Mohammed, Mohammed Baqi Hussein, Ramal Abdullah Mahmood  | 08.05.2019 - نوێکردنەوە : 09.05.2019
رۆژنامه‌یەکی ئیسرائیل "گرێبەستی سه‌ده‌"ی بڵاوكرده‌وه‌

Quds

قودس - AA

رۆژنامەی "Israel Hayom" ئیسرائیلی کە بە نزیکی لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاھو ناسراوە، ماددە نافەرمییەکانی پلانی "گرێبەستی سەدە"ی بڵاوکردەوە کە چاوەڕوان دەکرێت سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بەم نزیکانە لەبارەی چارەسەری کێشەی ئیسرائیل-فەڵەستین رایبگەیەنێت و ھەریەک لە سعوودیە، ئیمارات و میسر پشتیوانی دەکەن.

ماددە سەرەکییەکانی ئەو پلانە کە لە رۆژنامەکەدا بڵاوکراوەتەوە و بەرپرسانی ئەمریکا، ئیسرائیل یان فەڵەستین ھیچ روونکردنەوەیەکیان لەسەر نەداوە، بەم شێوەیەیە:

١- رێککەوتن

لە نێوان ئیسرائیل و رێکخراوی رزگاریخوازی فەڵەستین و حەماس-دا رێککەوتنێکی سێقۆڵی واژوو دەکرێت. بەپێی ئەو رێککەوتنە لە کەناری خۆرئاوا جگە لەو شوێنانەی یەکەی جوولەکە نشینەکانی تیادا دروستکراوە لەگەڵ کەرتی غەززە دەوڵەتێکی فەڵەستین بەناوی "فەڵەستینی نوێ" دروست دەکرێت.

٢- گواستنەوەی ناوچە

شوێنە گەورەکانی نیشتەجێبوونی جوولەکەکان لە کەناری خۆرئاوا ھەر وەک ئەمڕۆ لەژێر دەسەڵاتی ئیسرائیلدا دەمێنێتەوە. ھەروەھا یەکەکانی نیشتەجێبوونی دابڕاو لە کەناری خۆرئاوا دەخرێنە سەر ئەو یەکانە، بەو شێوەیەش بۆ گەیشتن بە یەکەکانی نیشتەجێبوونی دابڕاو گۆڕەپانە گەورەکانی یەکەی نیشتەجێبوون فراوان دەکرێت.

٣- قودس

قودس لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینی نوێدا دابەش ناکرێت و بەش ناکرێت، بەڵام بە پایتەختی ھەردوو دەوڵەتەکە ئەژمار دەکرێت. ھەروەھا ئەو عەرەبانەی لە قودس دەژین دەبنە ھاووڵاتی دەوڵەتی نوێی فەڵەستین.

شارەوانی قودسی سەربە ئیسرائیل، جگە لە کەرتی پەروەردە کە حکوومەتی نوێی فەڵەستین سەرپەرشتی دەکات بەرپرسیار دەبێت لە تەواوی بوارەکان و ئەو دەوڵەتە نوێیەش پارەی ئاو و باج دەداتە شارەوانی قودس.

رێگە نادرێت جوولەکەکان خانوو لە عەرەبەکان بکڕن و بەھەمان شێوەیش عەرەبەکان خانوو لە جوولەکەکان ناکڕن. ناوچەی نوێ ناخریتە سەر قودس و ناوچە پیرۆزەکان پێگەی ئەمڕۆیان دەبێت.

٤- کەرتی غەززە

میسر بۆ فڕۆکەخانە، کارگە، ناوچەی بازرگانی و کشتوکاڵ خاک بەکرێ دەگرێت بۆ دەوڵەتی نوێی فەڵەستین، بەڵام لەو خاکە نوێیانەدا رێگە بە نیشتەجێبوونی فەڵەستینییەکان نادرێت. سنووری ئەو خاک و کرێیەکەی لە لایەن وڵاتانی نێوەندگیر و پشتیوانەوە لە نێوان دەوڵەتی نوێی فەڵەستین و میسر دیاری دەکرێت.

٥- ئەو وڵاتانەی پشتگیریی دەکەن

ئەم گرێبەستە کە پێشبینی دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینی نوێ دەکات، بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت لە لایەن ئەمریکا، وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی کەنداو پشتگیریی ماددی دەکرێت.

ئەو وڵاتانەی پشتگیریی دەکەن بەدرێژایی پێنج ساڵ بوودجەیەک بەبڕی ٣٠ ملیار دۆلار بۆ پڕۆژەکانی دەوڵەتی فەڵەستینی نوێ دەستەبەردەکەن. ئەم بوودجەیە خەرجیی بەستنەوەی یەکە نیشتەجێبوونەکانی جوولەکە و یەکە گەورە نیشتەجێبوونەکان بە ئیسرائیلەوە لەخۆدەگرێت.

- دابەشکردنی ئەو سندوقەی کە لە لایەن وڵاتانی پشتیوانەوە دەستەبەردەکرێت:

ا- ئەمریکا رێژەی سەدا %٢٠

ب- یەکێتیی ئەووروپا رێژەی سەدا %١٠

ج- وڵاتانی کەنداو رێژەی سەدا %٧٠ی سندوقەکە دەستەبەردەکەن کە بەشی ھەر وڵاتێک بەپێی داھاتی نەوتەکەی دیاریی دەکرێت.

د- زۆرینەی قورساییەکە دەکەوێتە سەرشانی وڵاتانی کەنداو، چونکە ئەوان گەورەترین سوودمەندی ئەم گرێبەستەن.

٦- سوپا

دەوڵەتی فەڵەستینی نوێ سوپای نابێت و تەنھا پۆلیس چەکی سووکیان پێدەبێت.

ئیسرائیل گرنتیی پاراستنی دەوڵەتی فەڵەستینی نوێ دەکات لە ھەر ھێرشێکی دەرەکی و لەبەرامبەردا پێویستە دەوڵەتی نوێی فەڵەستین خەرجییەکەی بدات و بۆ ئەمەش پێویستە رێککەوتنێکی بەرگریی واژووبکرێت.

بڕی تێچووی ئەو بەرگریکردنەش بەنێوەندگیریی وڵاتانی پشتیوان و دانوستانی نێوان لایەنەکان دەستنیشان دەکرێت.

٧ و ٨- خشتەی کاتەکان و قۆناغەکانی جێبەجێکردن

ا- پێویستە بزووتنەوەی حەماس و میسرییەکان تەواوی چەکەکانیان بە چەکە شەخسییەکانیشەوە دابنێن.

ب- سەرکردەکانی حەماس و ئەندامەکانیان، تا ئەوکاتەی حکوومەتی نوێ دادەمەزرێت، مووچەکانیان لە وڵاتانی پشتیوانەوە وەردەگرێن.

ج- سنوورەکانی کەرتی غەززە بەڕووی ھاوردەکردنی کەلوپەل و ھاتوچۆی کرێکاران بۆ ئیسرائیل و میسر کراوە دەبێت ھاوشێوەی کەناری خۆرئاوا.

د- بۆ ھەڵبژاردنی حکوومەتێکی نوێی فەڵەستین لە میانی یەک ساڵدا، ھەڵبژاردنێکی دیموکراسی بەڕێوەدەچێت و ھەر ھاووڵاتییەکی فەڵەستینی دەتوانێت خۆی کاندید بکات.

ر- ھەموو دەستبەسەرکراوە فەڵەستینییەکان لە گرتووخانەکانی ئیسرائیل یەک ساڵ دوای ھەڵبژاردنەکان و پێکھێنانی حکوومەت بە شێوەی قۆناغبەند لە میانی سێ ساڵدا ئازاد دەکرێن.

ز- لە میانی پێنج ساڵدا لە فەڵەستینی نوێ بەندەرێک و فڕۆکەخانەیەک دروست دەکرێت. تاکو ئەو کاتە فڕۆکەخانە و بەندەرەکانی ئیسرائیل بەکار دەھێندرێن.

س- سنووری نێوان فەڵەستینی نوێ و ئیسرائیل وەک دوو وڵاتی دۆست بەڕووی ھاووڵاتییان و کاڵاکانیاندا واڵا دەکرێت بۆ تێپەڕبوون.

ش- بە مەبەستی بەیەکەوەبەستنەوەی کەرتی غەززە و کەناری خۆرئاوا پانەڕێیەک بونیات دەندرێت و لەسەدا ٥٠ تێچووی بونیانتانی ئەو پانەڕێیە لە لایەن چین و لەسەدا ١٠یشی لە لایەن ھەریەک لە ژاپۆن، کۆریای باشوور، ئوستڕاڵیا، کەنەدا، ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپاوە دەبێت.

٩- دۆڵی ئوردن

ناوچەی ئەغوار کە دەکەوێتە دەورووبەری دۆڵی ئوردن یان بە ناوەکەی دیکەی دەریای مردووی کەناری خۆرئاوا ھاوشێوەی ئێستا لەژێر کۆنتڕۆلی ئیسرائیل دەمێنێتەوە.

ا- پانەڕێی ژمارە ٩٠ کە بەو ناوچەیەدا تێپەڕدەبێت لە چوار ئاراستە پێک دێت.

ب- ئیسرائیل بۆ فراوانکردنی پانەڕێیەکە تەندەر دەخاتە روو.

ج- دوو ئاراستەی پانەڕێی ژمارە ٩٠، فەڵەستینی نوێ و ئوردن بەیەکەوە دەبەستێتەوە. ئەو دەروازە سنووریانەی لەسەر ئەو رێگایە دەکرێنەوە لەژێر کۆنتڕۆڵی فەڵەستیندا دەبن.

١٠- بەرپرسیارێتی

ا- لە ئەگەری رەتکردنەوەی ئەو گرێبەستە لە لایەن حەماس و رێکخراوی رزگاریخوازی فەڵەستینی، ئەمریکا ھەموو پشتیوانییە داراییەکانی بۆ فەلەستین دەبڕێت و رێگە لە وڵاتانی دیکەش دەگرێت پشتیوانی دارایی بۆ فەڵەستین دابین بکەن.

ب- ئەگەر ھاتوو رێکخراوی رزگاریخوازی فەڵەستینی بە گرێبەستەکە رازی بوو، بەڵام حەماس یان بزووتنەوەی جیھادی ئیسلامی فەڵەستین ئەو گرێبەستەیان رەتکردەوە ئەوا سەرکردەکانی ئەو دوو بزووتنەوەیە بە بەرپرسیار دەزاندرێن و لە شەڕی نوێی نێوان ئیسرائیل و کەرتی غەززەدا، ئەمریکا پشتگیری ئیسرائیل دەکات بۆ کردنە ئامانجی ئەو سەرکردانە. بەمھۆیەوە ئەو کەسانەی ژیانی ملیۆنەها کەس دەخەنە مەترسی قبوڵکراو نابن.

ج- ئەگەر ئیسرائیل ئەو گرێبەستە رەت بکاتەوە ئەوا پشتگیرییە داراییەکان بۆ ئیسرائیل رادەگیرێن.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın