Zana Natık Kerem
08 مای,س 2019•نوێکردنەوە: 10 مای,س 2019
بەغدا ــ AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ سێشەممە بە سەردانێکی پێشتر رانەگەیەندراو گەیشتە بەغدا و ماوەی چەند کاتژمێرێکی خایاند، دەرنگانی شەوی رابردوو بەغدای جێھێشت.
لە میانی سەردانەکەی بۆ بەغدا، مایک پۆمپیۆ لەگەڵ ژمارەیەک لە گەورە بەرپرسانی دیکەی عێراق کۆبوویەوە.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو راگەیاند کە مایک پۆمپیۆ دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیران، عادل عەبدولمەھدی و ھاوتا عێراقییەکەی، محەمەد عەلی حەکیم لەگەڵ سەرکۆمار، بەرھەم ئەحمەد ساڵح-یش کۆبوویەوە.
بەڵام ھێشتا سەرۆکایەتی کۆمار ھیچ زانیاری و وردەکارییەکی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی نێوان مایک پۆمپیۆ و بەرھەم ئەحمەد ساڵح بڵاونەکردووەتەوە.
کەناڵی ئەلحوڕە بڵاویکردەوە کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ بەو رۆژنامەوانانەی کە لە سەردانەکەی بۆ بەغدا یاوەری بوون، رایگەیاندووە لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ لایەنی عێراقی لەبارەی پتەوترکردنی توانای حکوومەتی فیدرال سەبارەت پاراستنی ئەمریکییەکان لەو وڵاتە گفتوگۆی کردووە.
مایک پۆمپیۆ ئاماژەی بەوەشداوە کە ئەمریکا لەبارەی سەروەری عێراق ھەستی بە نیگەرانی کردووە بە تایەتیش دوای ئەوەی چالاکییەکانی ئێران لەو وڵاتە زیادی کردووە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەوەشی گوتووە "ھاتم بۆ بەغدا بۆ ئەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی عێراق قسە بکەم و بۆیان دووپات بکەمەوە لەوەی ئامادەین بۆ بەردەوامبوون لە دەستەبەرکردنی پاراستنی سەروەری و سەربەخۆی عێراق".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ روونکردنەوەی لەسەر سەردانەکەی بۆ بەغدا دا و گوتی: "ھاتنم بۆ بەغدا بە ھۆی ئەو زانیارییانە بوو کە لە بارەی زیادکردنی چالاکییەکانی ئێران لە عێراق بەدەستمان گەیشتبوو".
ئێوارەی دوێنێ سێشەممە مایک پۆمپیۆ لەسەروبەندی بەرزبوونەوەی ئاستی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ناوچەکەدا، بەسەردانێکی پێشتر رانەگەیەندراو گەیشتە بەغدا.