Ethem Emre Özcan
26 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 27 ئاب 2022
ئەنقەرە- AA
رژێمی ئەسەد بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئیسرائیل بە مووشەک ھێرشی کردووەتە سەر ناوچەیەکی پارێزگای حەمما.
بەگوێرەی هەواڵێکی کەناڵی ئەلئەخبارییە سەربە رژێمی ئەسەد، لە ناوچەی میسیاف دەنگی تەقینەوە بیستراوە و راشیگەیاند هێرشەکە لە لایەن ئیسرائیلەوە ئەنجامدراوە، لە هەواڵەکەشدا هاتووە: "سیستمی بەرگریی ئاسمانیمان بەرپەرچی ئامانجەکانی دوژمنانی دایەوە".
تا ئێستاش بەرپرسانی ئیسرائیل هیچ لێدوانێکیان دەربارەی ئەم دەنگۆیانە نەخستووەتەڕوو.
جێی ئاماژەیە لە پارێزگای حەمما، جگە لە سەربازگەی رژێمی ئەسەد، چەندین بارەگای میلشیا ئێرانییەکانیش ھەیە.
پێشتریش رژێمی ئەسەد بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە سوپای ئیسرائیل لە ١٤ی ئابدا هێرشی کردووەتە سەر پارێزگای تەرتوس و لە ٢٢ی تەمووزیشدا هێرشی کردووەتە سەر دیمەشق.
بە گشتی بەرپرسانی ئیسرائیل خۆیان دەبوێرن لە هەر لێدوانێک لە بارەی ئەو هێرشانەی لە خاکی سووریادا ئەنجام دەدەرێن، بەڵام لە ساڵی ٢٠١١ەوە کە شەڕی ناوخۆی سووریا، دەستی پێکردووە، ئیسرائیل ناوبەناو هێرش دەکاتە سەر بنکە سەربازییەکانی رژێمی ئەسەد و میلیشیا ئێرانییەکان لەو وڵاتەدا.