Sami Sohta
26 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 27 ئاب 2022
مۆسکۆ - AA
وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ و نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پرسی سووریا، گێیر پێدەرسن تاوتوێی پرسی سووریایان کرد.
لەو راگەیەندراوەی کە لە وەزارەتی دەرەوەی رووسیاوە بڵاوکراوەتەوە، ئەوە خراوەتەڕوو کە لاڤرۆڤ لە مۆسکۆی پایتەخت لەگەڵ پێدەرسن کۆبووەتەوە و گفتوگۆی فراوانیان لەسەر پرسەکانی ئێستا لەسەر ئاستی سووریا ئەنجام داوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا لاڤرۆڤ و پێدەرسن بە گرنگییەوە باسیان لە کارەکانی لیژنەی دەستووری سووریا کردووە، و جەختیان لە گرنگی پاراستنی دیالۆگی بەرھەمدار لەم پلاتفۆرمی دانوستانەدا کردووەتەوە.
ھەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا پرسی چارەسەرکردنی بارودۆخی کۆمەڵایەتیی و ئابووری لە سووریا تاوتوێ کراوە، و ھەردوولا جەختیان لەسەر ھەوڵە نێودەوڵەتییەکان کردووە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان بە ئامانجی دووبارە بنیاتنانەوەی ژێرخانی کۆمەڵایەتی سووریا، لەگەڵ بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان ژمارە ٢٢٥٤.
لە ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥دا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی بڕیارنامەی ژمارە ٢٢٥٤ی پەسەند کرد کە ناوەڕۆکەکەی بریتییە لە راگەیاندنی ئاگربەستی دەستبەجێ لە سەرتاسەری سووریا و دەستپێکردنی دانوستانی سیاسیی و پێکھێنانی "حکوومەتی یەکگرتوو" لە ماوەی دوو ساڵدا و دواتر ھەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.