Mohammed Baqi Hussein
25 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 27 کانوونی یەکەم 2015
مۆسكۆ
وەزیری دەرەوەی قەتەر خالد بن محەمەد ئەلعەتییە لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ مۆسكۆ، لەگەڵ سیرگێی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا كۆبووەوە.
ئەلعەتییە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا دوای كۆبوونەوەكە رایگەیاند، "لەگەڵ رووسیا هاوڕان لەسەر ئەوەی سووریا وەك وڵاتێكی دیموكراتی بمێنێتەوە و سەروەریەكەی پارێزراوبێت، بەڵام جیاوازی بیروڕاكانیان لەبارەی مانەوەی بەشار ئەسەدی سەرۆكی ئەو وڵاتەوە بەردەوامە".
ناوبراو وەبیریهێنایەوە كە رووسیا لەبارەی بەرنگاربوونەوەی تیرۆرەوە لە سووریا بەڵێنی داوە و گوتی: "ئەسەد و رژێمە نامرۆڤانەكەی پشتگیری تیرۆر دەكەن. پێمان وا نییە ئەسەد كە لە سپۆنسەرەكانی سەرەكی تیرۆرە لە سووریا، لە ئایندەی ئەو وڵاتەدا بەشداربێت. دوای ئەوەی رژێمی ئەسەد چەكی كیمیایی بەكارهێنا شەرعییەتی لەدەستدا".
هاوكات ئەلعەتییە سەبارەت بەو هاوپەیمانێتییەی كە لە ریازی پایتەختی سعوودیە بە بەشداری 34 وڵاتی ئیسلامیی دژی تیرۆر پێكهێنراوە دوا و رایگەیاند، "ئەو هاوپەیمانێتییە بە نیاز نییە هێزی سەربازی رەوانەی سووریا بكات".
وەزیری دەرەوەی رووسیا سیرگێی لاڤرۆڤ رایگەیاند، "جیاوازی بیروڕای قەتەر و هەندێك وڵاتی دیكە لەبارەی شەرعیەتی حكوومەتی سووریاوە بەردەوامە و گوتی: "لەبارەی ئەسەدەوە هاوڕا نین و ئەمە بە ئاشكرا دەردەبڕین".