Mahmut Atanur
04 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 05 کانوونی دووەم 2021
جاکارتا - AA
لە ویلایەتی ئاچە-ی دوورگەی سوماترا لە ئیندۆنێزیا، چوار هەزار و ٤٤٠ کەس کەوتوونەتە بەر کاریگەریی نەرێنیی لافاو.
بە پێی راگەیاندراوێکی ئاژانسی ئیدارەی کارەساتی خۆرهەڵاتی ئاچە، بە هۆی بارانی بەلێزمەوە کە دوێنێ لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ئاچەی ویلایەتەکە ههبوو، لافاو لە ٢٣ گوندی سەربە چەند شارۆچکەیەکی وەک رانتاو سیلامات، ئیندرا ماکمو، رانتۆ پیوریولاک و بیرەم باینو دروست بووە.
بەرپرسانی ناوچەکە باس لەوە دەکەن کە چوار هەزار و ٤٤٠ کەس لە سەرانسەری ناوچەکە کەوتوونەتە بەر کاریگەریی نهرێنی لافاوەکە، بەڵام هیچ زانیارییەکیان لەبارەی ئەوە بڵاونەکردووەتەوە کە لافاوەکە زیانی گیانیی لێکەوتووەتەوە یان نا.
هەروەها باس لەوە کراوه کە، دەست بە کارەکانی گواستنەوە و هاوكاریكردنی ئەو خانەوادانە کراوە کە خانووەکانیان بەهۆی لافاوەوە زیانییان بەرکەوتووە.
لەم نێوەندەدا، لە ناوچەکانی باکوور و خۆرهەڵاتی ئاچە، بە هۆی ئەو لافاوەی سەرەتای مانگی رابردوو ناوچەکەی گرتەوە ٢٨ هەزار کەس دەربەدەربوون.