AA
16 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 17 ئەیلوول 2019
تاران - AA
سەرکۆماری ئێران، حەسەن رووحانی رایگەیاند کە داھاتووی سووریا پەیوەستە بە گەلی سووریا و پێویستە ئەوان بڕیارەکە بدەن و راشیگەیاند کە قۆناغی ئاستانا قۆناغێکی ئەرێنییە ماوەی دوو ساڵ و نیوە بەردەوامە.
رووحانی بەر لە بەڕێکەوتنی بەرەو شاری ئەنقەرە پایتەختی تورکیا بەمەبەستی بەشداریکردن لە لووتکەی سێقۆڵی نێوان تورکیا-رووسیا-ئێران، لە فڕۆکەخانەی میھرئاباد لە شاری تاران کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رێکخست.
رووحانی ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە ئەمە پێنجەمین لووتکەی پەیوەندیدار بە سووریایە و راشیگەیاند کە لەو لووتکەیەدا تاوتوێی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەو وڵاتە و گەڕانەوەی ئاوارەکان و کۆمیتەی دەستوور و ھەڵبژاردنەکانی ٢٠٢١ دەکەن.
رووحانی ئاماژەی بەوەشکرد کە پرسی ئاسایشی ناوچەکە بۆ ھەر سێ وڵات زۆر گرنگە و وەک وڵاتانی گەرەنتیکار دوو ساڵ و نیوە درێژە بە کۆبوونەوەکانی ئاستانا دەدەن.
سەرکۆماری ئێران، حەسەن رووحانی گوتیشی: "شتێک کە بەشێوەیەکی بەردەوام جەختمان لەسەر کردووەتەوە ئێستاش جەختی لێ دەکەینەوە ئەوەیە کە داھاتووی سووریا پەیوەستە بە گەلی سووریا و پێویستە ئەوان بڕیارەکە بدەن".
رووحانی ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ناوچەی رۆژھەڵاتی فوڕات رووبەڕووی ھەندێک کێشە بووەتەوە و ئاماژەی بەوەشدا کە "ھەبوونی نایاسایی ئەمریکا" لە رۆژھەڵاتی فوڕات رێگری لە دەستەبەرکردنی ئاسوودەیی لەو ناوچەیەدا دەکات.
رووحانی راشیگەیاند کە دەستێوەردانی ئیسرائیل لەبارەی پرسی سووریا، ھەرسێ وڵاتەکە و ناوچەکەی نیگەران کردووە.
رووحانی لەمبارەیەوە گوتیشی: "ئەگەر سەقامگیریمان لە ناوچەکەدا دەوێ پێویستە داگیرکاری ئەمریکا کۆتایی پێ بێت. کێشەکانی یەمەن و ناوچەکە بەرێگەی دانوستان چارەسەر دەکرێت. ئەمریکا لەبری ئەوەی دان بە دەستێوەردانی خۆی لە کێشەکانی یەمەن دابنێ، کەسانی دیکە تۆمەتبار دەکات".