Sinan Doğan
26 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 26 تشرینی یەکەم 2022
بۆگۆتا - AA
لە دوو ئۆپەراسیۆنی هاوکاتی هێزە ئەمنییەکانی مەکسیکدا بۆسەر ئەو کەسانەی قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە دەکەن، زیاتر لە ١٥٠ کۆچبەر رزگارکران.
بەپێی ئەو هەواڵەی لە راگەیاندنی مەکسیکدا بڵاوکراوەتەوە لە ویلایەتەکانی جیاپاس و ڤیرادروز، لەسەر زانیارییەکی هەواڵگریی، پۆلیس بەمەبەستی رزگارکردنی کۆچبەران، ئۆپەراسیۆنی کردووەتە سەر ئەو کەسانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن.
لە دوو ئۆپەراسیۆنی هاوکاتدا، پۆلیس ١٥ ئۆتۆمبێلی راگرتووە و ١٥٦ کۆچبەری لە دەست قاچاخچییەکان رزگارکردووە کە بە بەڵێنی درۆی بردن بۆ ئەمریکا، فریودرابوون.
باس لەوە کرا کە زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی رزگارکراون خەڵکی ڤێنیزوێلان، لەگەڵ گواتیمالا، نیگاراگوا، ئیکوادۆر، سیلڤادۆر، کوبا و هندۆراس.
هاوکات پێنج کەس بەتۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دەستگیرکران و کۆچبەرەکانیش گواسترانەوە بۆ شوێنی ئارام.
- ئامانجی کۆچبەرەکان گەیشتنە بە ئەمریکا
کۆچبەرەکان کە لە دەست کێشەکانی وەک توندوتیژیی، بێکاریی و گەندەڵی و لە پێناو دابینکردنی ژیانێکی باشتر هەوڵی گەیشتن بە ئەمریکا دەدەن، زۆربەی کات دەکەونە داوی ئەو کەسانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن.