Şerife Çetin,Yusuf Hatip
19 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 21 کانوونی دووەم 2020
بەرلين - AA
راگەيەنراوى كۆتايى كۆنفرانسى ليبيا كە لە بەرلين پايتەختى ئەڵمانيا بە مەبەستى دەستپێكردنى پرۆسەى سياسى و راگەياندنى ئاگربەستێكى جێگير لە وڵاتەكە بەڕێوەچووبوو، بڵاوکرایەوە.
لە راگەيەنراوەكەدا هاتووە: "پشتگيرى پێكهێنانى تاكە حكوومەتێكى يەكگرتوو، گشتگير و چالاک دەكەين كە ئەنجوومەنى نوێنەرانى ليبيا پەسەندى بكات".
راگەیەنراوەکە پشتگيرى هێزێكى يەكگرتوو بۆ هەموو ليبيا دەکات و تیایدا هاتووە: "بانگھێشتی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەین بۆ پێکھێنانی چەند کۆمیتەیەکی تەکنیکی بەمەبەستی چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی جێبەجێکردنی ئاگربەست لە لیبیا".
راگەيەندكراوەكە ئاماژە بە پێويستى راگەیاندنی ئاگربەست لە لیبیا کراوە و لەمبارەیەوە هاتووە: "لەگەڵ دەستپێکی ئاگربەست بانگھێشتی لایەنەکان و پاڵپشتیکاران دەکەین کە کۆتایی بە چالاکییەکانی سەربازیی بھێنن".
هەروەها جەخت لەسەر ئەنجامدانى هەلبژاردنى ئازاد و بەبەشدارى سەرجەم لايەنەكان كرايەوە، لە راگەيەندكراوەكەدا هاتووە: "هەموو لايەنەكانى ليبيا بانگهێشت دەكەين بە ئەنجامدانى هەڵبژاردنێكى ئازاد، گشتگير و دادپەروەرانە كۆتايى بە پرۆسەى گواستنەوە بهێنن".
بەپێی راگەيەنراوى كۆتايى كۆنفرانسى ليبيا، بەمەبەستی درێژەدان بە ھەماھەنگی لە دوای کۆنفرانسەکە، کۆمیتەیەکی چاودێری نێودەوڵەتی لە ژێر چاودێری نەتەوەیەکگرتووەکان، پێکدەھێنرێت.