Erbil Başay
19 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 19 حوزەیران 2022
بەرلین – AA
راوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆلاف شۆڵتز رایگەیاند: "پێویستە یەکێتیی ئەورووپا خۆی ئامادە بکات بۆ فراوانبوون".
لە میانی هەڤپەیڤینەکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا شۆڵتز بە تیشک خستنە سەر ئەوەی کە هەر لە دەستپێکی جەنگی رووسیا و ئۆکرایناوە یەکێتیی ئەورووپا پێداگیرانە و پشتگیری ئۆکراینای کردووە، ئاماژەی بەوە دا کە یەکێتیی ئەورووپا بەردەوام دەبێت لە هەڵسوکەوتکردن بەم رۆحیەتی یەکڕیزییە.
لە وەڵامی پرسیارێکیشدا لەبارەی پێدانی کاندیدبوونی ئۆکراینا بۆ بوونە ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا، راوێژکاری ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە دا کە هاتنە ناو یەکێتییەکە ئاسان نییە، هەر وڵاتێک بیهەوێت ببێت بە ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا پێویستە پابەند بێت بە ژمارەیەک مەرجەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە پێویستیشە یەکێتیی ئەورووپا هەنگاوی کردەیی بنێت لەبارەی ئەو وڵاتانەی کاندیدن بۆ بوونە ئەندام لە یەکێتییەکە، گوتی: "ئەگینا بە پێچەوانەوە ستاتۆی کاندیدبوون هیچ سوودێکی نابێت. دەبێت بیسەلمێنین کە جیدین لە وەرگرتنی وڵاتانی بەڵقان لە یەکێتیی ئەورووپا. ئەلبانیا و مەکەدۆنیای باکوور بۆ دەستپێکردن بە دانوستانە کردەییەکان بۆ بوونە ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا تەواوی مەرجەکان جێبەجێ دەکەن. دەبێت تا زووە (ئەم دانوستانانە) دەست پێ بکەن".
راوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆلاف شۆڵتز گوتیشی: "پێویستە یەکێتیی ئەورووپا خۆی ئامادە بکات بۆ فراوانبوون. بۆ ئەو مەبەستە پێویستە یەکێتیی ئەورووپا بە پێکهاتەکانی و پرۆسەکانی بڕیاردانی خۆیدا بچێتەوە".