دکتۆر بەشیر حەداد: "سەقامگیریی عێراق پەیوەستە بە دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا"

Arbil
هەولێر - AA
جێگری پێشووی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە عێراق، هیچ حکوومەتێک بەبێ ڕەزامەندی هەرێم پێکنەهاتووە، ئەوەش دەخاتەڕوو کە بەر لە هەڵبژاردنەکان هەموو بەڵێنێک بە هەرێم دەدرێت و دواتر پاشگەز دەبنەوە و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە بەڵێنەکان پێویستی بە دڵنیاییەکی نێودەوڵەتی هەیە.
- پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا
جێگری پێشووی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دکتۆر بەشیر حەداد، لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەتایبەت هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە دوای ساڵی ٢٠٠٣یەوە هیچ حکوومەتێک لە عێراق، بەبێ ڕەزامەندی هەرێمى کوردستان پێکنەهاتووە، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە پێش پێکهێنانی حکوومەت هەموو بەڵێنێک بە هەرێم دەدرێت و لەسەر کاغەز دەینووسنەوە، بەڵام لە دوای پێکهێنانی کابینەکە کاتێک دەستی خۆیان بینی ئیتر پاشگەز دەبنەوە و هەموو ئەو ڕێککەوتنانە هەڵدەوەشێتەوە، ڕەنگە کورد بۆخۆی یەکێک لە هۆکارەکان بێت لەوەی تا ئێستا یەکڕیز نەبووە، تا ئێستا نێوماڵی خۆی ڕێکنەخستووەتەوە".
ئەمە لە کاتێکدایە کە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕۆژی ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ی وەکو ڕۆژی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دیاریکرد و لەبارەی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە و ڕۆڵی هەرێم تێیدا، دکتۆر بەشیر حەداد گوتی: "لەم دواییانەدا گوێبیستی گوتاری سەرۆک مەسعود بارزانی بووین کە ناڕەزایەتی هەرێمی کوردستانی نیشاندا بەرامبەر مامەڵەکانی بەغدا، بۆیە پێشبینی دەکەم ئەمجارە کورد بە گشتی و پارتی دیموکراتی کوردستان بە تایبەتی مامەڵە لەگەڵ داهاتوو یان هەر لایەنێک بکات کە بیەوێت پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق وەربگرێت، چونکە ئەو ئەزموونەی لە ڕابردوو هەمانە پێویستە ببێتە وانە و پەندێک کە ئەمجارە بەشێوازێکی تازە و نوێتر کە زەمانەتێکی نێودەوڵەتی لەگەڵدابێت، بۆ ئەوەی ئەم هاوپەیمانییەتییە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی عێراق ئەنجام بدەن".
- دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا و کاریگەرییان لەسەر سەقامگیریی عێراق
جێگری پێشووی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد کە سەقامگیریی عێراق پەیوەستە بە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە هەرچەندە گرووپە ملیلیشیاکان بەشێکن لەو ناسەقامگیرییە، بەڵام هیچ حکوومەتێک لە عێراق توانای هەڵوەشانەوەی ئەم گرووپانەی نیە چونکە ئەمانە وەلائیان بۆ ئێران هەیە و لەوێیەوە پاڵپشتی دەکرێن.
لەمبارەیەوە دکتۆر بەشیر حەداد گوتی: "پێموابێت هیچ حکوومەتێکی عێراقی ئەو هێز و توانایەی نیە کە ئەم گرووپانە هەڵبوەشێنێتەوە چونکە ئەم گرووپانە پێیان دەڵێن گرووپی وەلائی، ئەمانە وەلائییان بۆ وڵاتێکی دراوسێ هەیە و پاڵپشت دەکرێن کە ئەویش وڵاتی ئێرانە، بۆیە پێموایە مانەوە یان هەڵوەشانەوەی ئەم گرووپانە بەندە بە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە، بەندە بە مانەوەی هەژموونی ئێران عێراق، ئایا دوای دانوستانەکانی ئێران چەندە بەهێز دەبێت یان تەنها پەیوەندییەکی دراوسێیانە دەبێت، بۆیە دەبێت لە ئاستێکی باڵاتر ئەم بابەتە چارەسەر بکرێت و پێموایە ئەم گفتوگۆیانەی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا هەیە، لە کۆتاییدا ئەنجامەکەی کاریگەری لەسەر ئەم بابەتە دەبێت".
دکتۆر بەشیر حەداد گوتیشی: "بێگومان عێراق وڵاتێکی میحوەرییە و کاریگەرە، ئەگەر هاتوو ئەم وڵاتە سەروەریی خۆی بە تەواوی بەدەستهێنا و حوکمڕانییەکی تەواوی دیموکراسی و دادپەروەریی هەبێت ئەوا دەتوانیت ڕۆڵێکی باڵا لە ناوچەکەدا بگێڕێت و ببێتە هۆی سەقامگیریی ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونکە عێراق وڵاتێکی فرە پێکهاتە و ئایینییە، لە کاتی سەقامگیرییدا ئەم کێشانە کپ دەبێتەوە و لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی ئەوەی هاووڵاتییانی عێراقی لە ئارامییدا بژین".
- هەناردەکردنەوەی نەوت
ئەگەرچی ماوەیەکی زۆرە گفتوگۆی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە ئارادایە و وڵاتان لەسەر ئاستی باڵا لە هەوڵی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەکەدان، بەڵام جێگری پێشووی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە ئێستادا بە دوور دەزانێت و جەخت لەوە دەکاتەوە کە عێراق بەهۆی کەللـەڕەقییەوە ٢٥ ملیۆن دۆلار زیانی لە عێڕاق و هەرێمی کوردستان داوە.
لەبارەی هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، دکتۆر بەشیر حەداد گوتی: "پێشبینی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت ناکەم بەڵام ئومید دەخوازم بە زووترین کات ئەم بابەتە کۆتایی پێ بێت، لەم بابەتەدا بڕە پارەیەک کە نزیکەی ملیارێک و نیو دۆلارە کە شایستەداراییەکانی کۆمپانیاکانە دەبێت بدرێت و نادرێت، لەبەر ئەم کەللـەڕەقییە مانگانە نزیکەی ملیار و نیوێک دۆلار زیان لە خۆیان دەدەن".
دکتۆر بەشیر حەداد گوتیشی: "زیاتر لە ساڵێک هەناردەی نەوت ڕاوەستاوە کە زیاتر لە ٢٥ ملیار دۆلار زیان بە عێراق و هەرێم کەوتووە لە کاتێکدا ئەگەر لەسەرەتاوە ئەو بڕە پارەیە خەرجبکرابووایە ئێستا بابەتەکە تەواو ببوو. لەبەر ئەوە عەقڵی سیاسیی وا دەخوازێت ئەم بابەتە بە زوویی چارەسەر بکرێت بۆ ئەوەی زیانی زیاتر بەر بوودجەی عێراق و هەرێمی کوردستان نەکەوێت".
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢٣، بە بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی پاریس، ھەناردەی نەوتی ھەرێم ڕاگیرا کە ڕۆژانە ٤٠٠ ھەزار بەرمیل لە ھەرێم و ٧٥ ھەزار بەرمیلیش لە کەرکووکەوە لە ڕێگای بۆڕی ھەناردەی بەندەری جەیهان دەکرا.